ئیستیخباراتی تورکیا ئامادەکارییەکانی بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە دەستپێکردووە

ئیستیخباراتی تورکیا ئامادەکارییەکانی بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە دەستپێکردووە

ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەیانهەوێت بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، دەبێ بە فلتەری میکانیزمی پشتڕاستکردنەوەدا تێپەڕ بن.

ئەو ئەندامانەی ڕێکخراوی پەکەکە کە دەیانهەوێت بگەڕێنەوە تورکیا، لە ڕێگەی میکانیزمێکی پشتڕاستکردنەوە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئامادەکراوە، فلتەر دەکرێن. دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) دەستی بە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان کردووە.

پرۆسەی ئاشتی کە ئەنقەرە بە “تورکیا بێ تیرۆر” ناوی دەبات، بەهۆی نەبوونی پێشکەوتنی بەرچاو لەلایەن تورکیا و پەکەکەوە، ماوەیەکی زۆرە دواکەوتووە، بەڵام بە گوتەی ئەنقەرە، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە خێراتر بێتەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، سەرچاوەکانی ئاک پارتی ڕایانگەیاندووە، هیچ دوودڵییەک لە پرۆسەکەدا نییە و بەپێی بەرنامەی خۆیان کاردەکەن. لەم چوارچێوەیەدا دەوترێت کە هەندێک هەنگاوی ئیداری لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگیرێنەبەر کە پێویستیان بە یاسادانان نییە. هەروەها دەزگای هەواڵگریی تورکیا ترافیکی پەیوەندییەکانی خۆی هەم لەگەڵ قەندیل و هەمیش لەگەڵ ئیمرالی خێراتر کردووە و هەڵسەنگاندن بۆ هەنگاوەکانی چەکدانانی پەکەکە و هاندانی ئەو ڕێکخراوە بۆ چەکدانان دەکات.

سەرچاوەکانی ئاک پارتی دەڵێن: “هەر لە سەرەتاوە گوتوومانە کە ئەم پرۆسەیە هەنگاو بە هەگاو بەرەوپێش دەچێت، ڕەنگە هەندێک دواکەوتن هەبێت، بەڵام باس لە پرۆسەیەکی ئاسان ناکەین، گوێ بە لێدوانی کاتی دیکە نادەین، موخاتەب لێرەدا ئۆجەلانە، بۆیە یەکە ئەمنییەکان هەموو بابەتێک لەگەڵ ئۆجەلان تاوتوێ دەکەن. لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشهاتی نوێ ڕوودەدات”.

میت دەست بە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان دەکات

سەرکردایەتی ئاکپارتی لە دژی دەرکردنی هەر یاسایەکن پێش پرۆسەی چەکدانان. ئەوان لەو هەڵوێستەی خۆیان بەردەوامن کە پێش ئەوەی یاسا و ڕێساکان دەربچن دەبێ چەکدانانەکە پشتڕاست بکرێتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە ئیبراهیم کاڵن بەڕێوەبەری میت لەم دواییانەدا پێشکەشی سەرکردایەتی ئاکەپەی کردبوو، ئاماژە بە: هەڵسەنگاندن لەسەر بابەتەکانی وەک؛ چۆن پێشوازی لە ئەندامانی چەککراوی پەکەکە دەکرێت و چەکەکانیان چی بەسەر دێت و ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەگەڕێنەوە تورکیا چ ڕێکارێکی یاسایییان بۆ دەستنیشان دەکرێت. هەروەها بەڕیوەبەرایەتی ئاک پارتی داوای لە میت کردووە کە پێشنیارەکانی خۆی سەبارەت بە ئامادەکارییە پێویستەکان پێشکەش بکات. ڕاگەیەندراوە کە میت سەرقاڵی ئامادەکاری تەکنیکییە سەبارەت بە هەردوو ڕێکارە یاساییەکان و میکانیزمی پشتڕاستکردنەوەی چەکدانان.

ئەوان دەبێ بە فلتەرێکدا تێبپەڕن

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، دوای ئەوەی ئامادەکاری و چوارچێوەی کارگێڕی بۆ گەریلا و ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەکەکانیان دادەنێن، دەکرێت، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەیانهەوێت بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، بە فلتەری میکانیزمی پشتڕاستکردنەوەدا تێدەپەڕن کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دادەنرێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەسەڵاتی گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە لە ڕێگەی ئەم میکانیزمەی پشتڕاستکردنەوە دەبێت.

لێدوانی قەندیل ڕەخنەی لێدەگیرێت

هاوکات ئەو لێدوانەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن موراد قەرەیلان، فەرماندەی هەپەگەوە بڵاوکرایەوە و تێیدا ڕایگەیاندبوو کە “پرۆسەکە وەستێندراوە”، کاردانەوەی دەم پارتی و ئیمرالیی لێکەوتەوە. بەرپرسانی دەم پارتی ڕایانگەیاند: ئێمە نامانەوێت وشەی “وەستاندن” بەکاربهێنین. لێدوانێکی لەم شێوەیە پێچەوانەی ڕۆحی پرۆسەکە دەبێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەک نییە کە بتوانین بیوەستێنین. هەرچەندە ڕەنگە هەندێک خاڵی لاوازی هەبن، بەڵام وەسفکردنی دۆخی ئێستا وەک پرۆسەیەکی “وەستاو” زیادەڕەویکردنە.

Share