نێچیرڤان بارزانی و سوودانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کرد

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی عێراق لە گرژی و لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا بوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پرۆسەی سیاسیی وڵات و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵی کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی سیاسیی وڵات و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵی تاوتوێ کران. جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکان کرایەوە، بە شێوەیەک کە حکوومەتی داهاتوو تەواوکەری هەوڵەکان بێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و برەودان بە لێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: هەردوولا باسیان لە کار و چالاکییەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە ماوەی رابردوودا کرد. نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشیی لە هەوڵەکانی سوودانی کرد و جەخت لە گرنگیی بنیاتنان لەسەر ئەو لێکگەیشتنانە کرایەوە کە لەنێوان هەولێر و بەغدادا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەدی هاتوون.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەختکردنەوە بوو لەسەر پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی عێراق لە گرژی و لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە سەروەریی وڵات و بەرژەوەندیی گشتی پارێزراو بێت.