سنتکۆم: کەشتییە جەنگییەکانمان لە گەرووی هورموز پەڕینەوە

سنتکۆم: کەشتییە جەنگییەکانمان لە گەرووی هورموز پەڕینەوە

سنتکۆم جەختی کردەوە، هێزەکانیان بە چالاکی کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سنتکۆم) رایگەیاند، دوو کەشتی بازرگانی بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز تێپەڕیون، هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی راگرتنی هەر کەشتییەک دەکات کە سەرپێچی بکات.

دۆخی گەرووی هورمز گەیشتووەتە ئاستێکی توند لە جەنگی راگەیاندن و ململانێی سەربازی لە نێوان واشنتن و تاراندا، دوای ئەوەی هەردوولا دوو گێڕانەوەی تەواو جیاوازیان لەسەر بارودۆخی هاتوچۆی دەریایی بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4/4/2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا کە هەڵگری مووشەکی ئاراستەکران، ئێستا لە کەنداو عەرەبیدا کار دەکەن دوای ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئازادیدا لە گەرووی هورمز تێپەڕین.

سنتکۆم جەختی کردەوە، هێزەکانیان بە چالاکی کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان. وەک هەنگاوی یەکەمیش، رایگەیاند کە دوو کەشتی بازرگانی کە ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانیان پێوە بووە، بە سەرکەوتوویی لە گەرووی هورمز تێپەڕین و بە سەلامەتی بەرەو جێگەی مەبەست بەڕێکەوتوون.

لە بەرانبەردا، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری توند دەدات و رایدەگەیەنێت کە هەر جۆرە جووڵەیەکی دەریایی کە پێچەوانەی بنەما راگەیەندراوەکانی هێزی دەریایی بێت، “رووبەڕووی مەترسی جددی دەبێتەوە و کەشتییە سەرپێچیکارەکان بە هێزەوە رادەگیرێن.”

ئەم ئاڵۆزییە نوێیە نیشانەی توندبوونەوەی ململانێی دەسەڵاتە لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهاندا، کە ئەمریکا دەیەوێت بە هێزی سەربازی بیکاتەوە و ئێرانیش جەخت لەسەر سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا دەکاتەوە.

دوێنێ یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردبوەوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، چەندین وڵات لە سەرانسەری جیهانەوە داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ ئازادکردنی کەشتییەکانیان کە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە. ترەمپ جەختی کردەوە، ئەم کەشتییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە و تەنیا “رێبواری بێتاوانن”. بڕیارە ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی بە ناوی “پڕۆژەی ئازادی” (Project Freedom)  بۆ رزگارکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، رۆژی دووشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکات.

Share