لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆنفرانسێکی تایبەت لەسەر کورد بەڕێوەدەچێت

ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی و چاودێرانی سیاسی بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.
بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و پێشخستنی لۆبیی کورد، کۆنفرانسێکی فراوان بە بەشداری پەرلەمانتارانی ئەوروپا و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل دەست پێدەکات.
ئەمڕۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، کۆنفرانسێک بە سەرپەرشتی پەرلەمانی ئەوروپا لە لایەن کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردەوە سازدەکرێت، کە بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسییە ئەوروپییەکان و کوردەکان بەشداریی تێدا دەکەن.
بەپێی بەرنامەی کۆنفرانسەکە، لە سەرەتای کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا پەیامی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ ئامادەبووان دەخوێندرێتەوە. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە، بەهێزکردنی لۆبی کوردە لە ناوەندەکانی بڕیاردانی جیهاندا و هەروەها بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی فەرمیتر دەنگی خەڵکی کوردستان بگاتە پەرلەمانتارانی ئەوروپا.
بڕیارە لە کۆنفرانسەکەدا تیشک بخرێتە سەر چەند دۆسیەیەکی گرنگ کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و عێراق و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. بەشداربووان تیشک دەخەنە سەر پێگەی ستراتژیکی کوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپاییدا.
ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی و چاودێرانی سیاسی بۆ تاوتوێکردنی ئایندەی پەیوەندییەکان و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان، بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.