ئێران بەناوی موجتەبا خامنەییەوە 10 خاڵ وەک ستراتژیی داهاتووی کەنداو دیاری دەکات

پیشتر میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندبوو کەوا موجتەبا خامنەیی، فەرمانی بە سەرجەم یەکە جیاوازەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران کردووە کە لە رووبەڕووبوونەوەی دوژمنان بەردەوام بن.
میدیاکانی ئێران پەیامێکیان بەناوی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا 10 خاڵی ستراتژیک و زۆر گرنگی سەبارەت بە کەنداو و گەرووی هورمز دیاریکردووە.
ئەمرۆ دووشەممە، 11/5/2026، میدیاکانی ئێران ئەم 10 خاڵەیان بەناوی موجتەبا خامنەییەوە بڵاوکردۆتەوە:
1ـ بوونی ئەمریکییەکان و جێگیربوونیان لە خاکی وڵاتانی کەنداو، گرنگترین هۆکاری نائارامی و نەبوونی ئاسایشە لە ناوچەکەدا.
2ـ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەستەوەستانن و ناتوانن تەنانەت ئاسایشی خۆشیان دابین بکەن.
3ـ داهاتوویەکی گەشاوە چاوەڕێی ناوچەی کەنداو دەکات، داهاتوویەک کە دوور بێت لە ئەمریکا و لە خزمەت پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی گەلانی ناوچەکەدا بێت.
4ـ چارەنووسمان لەگەڵ دراوسێکانمان لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عوماندا هاوبەشە.
5ـ هیچ شوێنێک بۆ بیانییە خراپەکارەکان لە کەنداو نییە، مەگەر تەنها قووڵایی ئاوەکانی بێت.
6ـ زنجیرە سەرکەوتنەکانی ئێران لە کەنداو، پێشەنگی سیستمێکی نوێیە لە ناوچەکە و جیهاندا.
7ـ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی کەنداو پیویستی بە سوپاسگوزاریی هەیە بۆ سەرکەوتنی ئێران لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا.
8ـ نەهێشتنی هەموو ئەو زەمینانەی کە دوژمن دەتوانێت بۆ خراپ بەکارهێنانی گەرووی هورمز بیقۆزێتەوە.
9ـ دەستەبەرکردنی ئاسوودەیی و پێشکەوتنی گەلانی ناوچەکە لە رێگەی بنەما یاساییەکان و جێبەجێکردنی شێوازێکی نوێی بەڕێوەبردن لە گەرووی هورمزدا.
10ـ خۆشحاڵبوونی دڵی گەلی ئێران بەو دەستکەوتە ئابوورییانەی کە لە بەڕێوەبردنی نوێی گەرووی هورمزەوە بەدەست دێن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە،10ـی ئایاری 2026، ڕاگەیەندرابوو کەوا موجتەبا خامنەیی، فەرمانی بە سەرجەم یەکە جیاوازەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران کردووە کە لە رووبەڕووبوونەوەی دوژمنان بەردەوام بن.
ئەم رێنماییانەی بەناوی ڕێبەری ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە کاتی پێشکەشکردنی راپۆرتێکی فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا سەبارەت بە ئاستی ئامادەباشی هێزە چەکدارەکانی ئێران هات لە قۆناخی ئێستا.