بەڕێوەبەری کاروباری سەربازیی بەشار ئەسەد دەستگیرکرا

وەجیهـ عەلی ئەل ـ عەبد بە “سندووقی ڕەش”ی بڕیارە سەربازییەکانی بەشار ئەسەد دەناسرێت.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و ئەمنیدا، یەکێک لە پایە گرنگەکانی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەدیان دەستگیرکردووە. ئەم دەستگیرکردنە لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە تاوانەکانی جەنگ، بە هەنگاوێکی ستراتژیک دادەنرێت.
عەمید (لیوا) وەجیهـ عەلی ئەل ـ عەبد کە ماوەی 13 ساڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری سەربازیی کۆشکی کۆماری سووریا بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. ئەل ـ عەبد بە “سندووقی ڕەش”ی بڕیارە سەربازییەکانی بەشار ئەسەد دەناسرێت و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سەرۆکی ڕژیمی پێشووی سووریا بوو.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاشکرای کردووە کە ئەل ـ عەبد تەنها بەڕێبەرێکی ئیداری نەبووە، بەڵکوو ئەو بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی زۆرێک لە پێشێلکارییە گەورەکان و ئەو تاوانانە بووە کە لە سەرانسەری سووریا دژ بە هاووڵاتیانی سڤیل ئەنجام دراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ناوی ناوبراو لە زۆرێک لە فایلە تایبەتەکانی پەیوەندیدار بە ئەشکەنجەدان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی شارەکانی سووریادا هاتووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک بەشێک لە زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئەمنی وەسف دەکرێت کە ئامانج لێی دەستگیرکردنی هەموو فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی ڕژێمی ئەسەدە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی کۆتایی ئەوەیە کە ئەو کەسانە لەبەردەم دادگاکاندا وەڵامی تاوانەکانیان بدەنەوە و بەپێی یاسا سزا بدرێن.
دەستگیرکردنی وەجیهـ عەلی ئەل ـ عەبد ئەوە دەردەخات کە پڕۆسەی پاکتاوکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و لێکۆڵینەوە لە سەردەمی ڕابردوو، بەردەوامیی هەیە.