سەرۆکی پارتی IYI تورکیا بۆ باخچەلی: “ئایا شەرم ناکەن؟ خودا ئیسڵاحتان بکات”

باخچەلی داوایکردبوو کە پێگەیەک بە ئۆجەلان بدرێت و گوتبووی بەوشیوەیە ئۆجەلان باشتر دەتوانێ خزمەتی تورکیا بکات.
موساڤات دەروێشئۆغڵو سەرۆکی پارتی IYI تورکیا بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە داواکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ دیاریکردنی پێگەیەک بۆ ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە و پێی وت: “ئایا شەرم ناکەن؟ خودا ئیسڵاحتان بکات.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 6/5/2026، مووساڤات دەرویشئۆغڵو سەبارەت بە داواکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ “پێدانی پێگەیەک بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان”، قسەی کرد. دەرویشئۆغڵو لە قسەکانیدا ڕووی لە باخچەلی کرد و وتی: “ئێوە شەرم ناکەن؟ من لەباتی ئێوە شەرم دەکەم، خوای گەورە چۆنی پێباشە با ئێوە ئیسڵاح بکات”.
پێشنیارەکەی باخچەلی چی بوو؟
ڕۆژی سێشەممە، 5/5/2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا قسەی کرد. باخچەلی گوتبووی کە تاوتوێکردنی پێگەیەک بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گرنگە و پێشنیاری کردبوو کە ئۆجەلان لە ژێر ناوی “ڕێکخەری ئاشتی و پرۆسەی سیاسیبوون”دا کار بکات.
بەپێی ئیدیعای باخچەلی، ئەگەر ئۆجەلان بەم شێوەیە کاربکات، باشتر خزمەت بە تورکیا و پرۆسەی “تورکیا بێ تیرۆر” دەکات.