پێش لووتکەی پەکین؛ ئەمریکا و چین لە رێککەوتنێکی بازرگانیی 30 ملیار دۆلاری نزیک دەبنەوە

پێش لووتکەی پەکین؛ ئەمریکا و چین لە رێککەوتنێکی بازرگانیی 30 ملیار دۆلاری نزیک دەبنەوە

ئەم رێککەوتنە ئەگەر واژۆ بکرێت، دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ لە جەنگی ساردی ئابووریی نێوان هەردوو وڵاتدا.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە واشنتن و پەکین میکانیزمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی بازرگانی رابگەیەنن، کە تێیدا هەردوولا باجی گومرگی لەسەر کەلوپەرلی ئاسایی بە بڕی 30 ملیار دۆلار کەمدەکەنەوە، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر چین دەبینرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمریکا و چین کار بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەک دەکەن بە ناوی “ئەنجوومەنی بازرگانی” ئامانجی ئەم ئەنجوومەنە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشە بۆ کەمکردنەوەی باجی سەر ئەو کاڵایانەی کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانییەوە نییە، تاوەکو هەردوولا بتوانن بە بڕی 30 بۆ 50 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نوێ ئەنجام بدەن.

خاڵی هەرە بەرچاو لەم گفتوگۆیانەدا ئەوەیە کە واشنتن چیتر داوا لە پەکین ناکات مۆدێلی ئابووریی خۆی بگۆڕێت بۆ مۆدێلی بازاڕی ئازادی ئەمریکی. جەیمیسۆن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا، ئەم شێوازە نوێیەی بە “بەیەکبەستەر” وەسف کرد، کە ئامانجی گونجاندنی دوو سیستەمی ئابووریی جیاوازە بەبێ ئەوەی یەکتری بگۆڕن.

وەک ئامادەکارییەک بۆ لووتکەکەی ترەمپ و شی جینپینگ، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و هو لیفۆنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین، رۆژی چوارشەممە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە شاری ئینچیۆنی کۆریای باشوور کۆبوونەوە. هەرچەندە هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی بڵاونەکرایەوە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن زەمینە بۆ رێککەوتنی “30 ملیار بەرانبەر 30 ملیار” خۆش کراوە.

ئەم هەوڵە نوێیەی هەردوو زلهێزەکە دوای دابەزینێکی بەرچاو دێت لە ئاستی بازرگانیی نێوانیان؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە رێژەی 29% دابەزیوە و گەیشتووەتە 415 ملیار دۆلار؛ هەروەها کورتهێنانی بازرگانیی ئەمریکا بەرانبەر چین بۆ 202 ملیار دۆلار دابەزیوە، کە نزمترین ئاستە لە دوو دەیەی ڕابردوودا.

سەرەڕای ئەم ئاساییکردنەوەیە لە کەرتی کەلووپەلە ئاساییەکان، ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە باجە گشتییەکان و رێگرییە توندەکانی سەر هەناردەی تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکان (وەک چیپی ئەلیکترۆنی) وەک خۆیان دەمێننەوە، چونکە ئەمانە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە.

ئەم رێککەوتنە چاوەڕوانکراوە، ئەگەر لەلایەن ترەمپ و شی جینپینگەوە لە پەکین واژۆ بکرێت، دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ لە جەنگی ساردی ئابووریی نێوان هەردوو وڵاتدا.

Share