ئاک پارتی: تا پەکەکە چەک دانەنێ، هیچ هەنگاوێکی یاسایی ناگیرێتەبەر

ئاکەپە: هەتا ئەو کاتەی کە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەکەکانی بە فەرمی لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە پشتڕاست نەکرێتەوە، هیچ هەنگاوێکی یاسایی ناگرنەبەر.
پێشنیازی ئۆپۆزسیۆن بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە یاساییەکانی پڕۆسەی چارەسەری لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا تاوتوێ کرا. ئۆپۆزسیۆن داوای کردووە حکومەت دەستبەجێ هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەکە دەستپێبکات.
بەڵام ئاک پارتی جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە مەرجی سەرەکییان بۆ دەرکردنی یاسا، چەکدانانی پەکەکەیە.
دوێنێ پەرلەمانی تورکیا لەسەر پێشنیاری پارتی یەنی یۆل بۆ هەڵسەنگاندنی قۆناغی کۆتایی پڕۆسەی چارەسەری و هەنگاوە یاساییەکان کۆبووەوە.
بەڵام لەسەر “شێواز و کاتی” هەنگاوەکان، ناکۆکی لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا هاتەئاراوە.
بولەنت کایا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەنی یۆل، داوای کرد خاڵەکانی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان سەبارەت بە هەنگاوە یاساییەکان بەپەلە بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
کایا ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بە پرۆسەکە گرت و وتی: “ئێمە بە دروستی نازانین هەنگاوە دیموکراتیکەکان بە مەرجی دانانی چەکەوە ببەسترێنەوە. پێویستە بڕیارەکانی دادگای دەستووری بنەرەتی و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکرێن و سیستەمی قەییۆمەکان کۆتایی پێبێت. ئەمانە مافی مرۆڤن و نابێت وەک ئامرازێکی بازرگانی بەکاربهێنرێن”.
داواکاری دەم پارتی و جەهەپە
لە لایەکی دیکەوە، ساروهان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی، داوای کرد کە هەموارکردنەوەی بەپەلە لە یاسای جێبەجێکردن و یاسای دژە تیرۆر (TMK)دا بکرێت.
هەروەها ئۆکان کۆنورالپ پەرلەمانتاری جەهەپە جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان هەوڵی گەیشتن بە ئاشتی دەدەن.
جونەیت یوکسەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنی دادی پەرلەمان و پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵ بەناوی ئاکەپەوە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە و هەڵوێستی پارتەکەی خستەڕوو.
یوکسەل ڕایگەیاند کە هەتا ئەو کاتەی کە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە [پەکەکە] و دانانی چەکەکانیان بە فەرمی لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە پشتڕاست نەکرێتەوە، هیچ هەنگاوێکی یاسایی ناگرنەبەر.
جونەیت یوکسەل وتی “قۆناغی هەرە گرینگ لەم پرۆسەیەدا چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە، تەنها دوای یەکلاکردنەوەی ئەم قۆناخەیە کە دەتوانرێت هەنگاوی یاسایی بگیرێتەبەر. ئیدی لەم پرۆسەیەدا هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە نییە”.