بەڵگەنامەیەک کە لە ساڵی 1929دا لە هەولێر چاپ کراوە، ڕۆشنایی دەخاتە سەر بارودۆخی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کورد

لەو کاتەوەی عەرەبەکان حکومەتەکەیان لە ژێر ناوی ‘حکومەتی عێراق’ دامەزراندووە، داهاتووی ئێمە لە تاریکیدا ون بووە.
بەڵگەنامەیەک کە لە ساڵی 1929دا لە شاری هەولێر پایتەختی ئێستای هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی باسکردن لە بارودۆخی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کورد و کۆلۆنیالیزم، کەوتە ڕۆژەڤ و بوو بە تەوەرێکی گفتوگۆ. ئەم بەڵگەنامەیە کە سەدات ئولوگانا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاوی کردووەتەوە، هەڵوێستی هەولێری سەد ساڵ لەمەوبەری دژ بە کۆلۆنیالیزمی عەرەبی و بانگەوازەکەی بۆ خەڵک لەخۆ دەگرێت.
ئەو بەڵگەنامەیە کە بە واژۆی ڕێکخراوی فیداییانی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، وێنەی خەنجەرێکی لەسەرە. بەڵگەنامەکە واقیعی کۆلۆنی بوونی کوردستان لە لایەنە ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانییەوە ئاشکرا دەکات. بەڵگەنامەکە پیشانی دەدات کە سەرهەڵدانی ئاستی نەتەوەپەروەریی کورد تەنیا هەست و سۆزداری نییە، بەڵکوو بە نموونەی ڕۆژانە و کۆنکرێت ئاشکرا دەکرێت:
نایەکسانی ئابووری کە لە لایەن حکوومەتی ناوەندیی عەرەبی ێراقەوە سەپێندراوە.
ڕەخنەکان لە ئاسمیلاسیۆنی کولتووری کە لە ڕێگەی نەهێشتنی زمانی کوردییەوە ئەنجام دەدرێت.
سەفەربەرییەکی سیاسیی سەربازی و فیداکار کە لە دەور چەمکەکانی “خیانەت” و “ئازادی”دا شکڵی گرتووە.
سەدات ئولوگانا، کە ئەم بەڵگەنامەیەی بڵاوکردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بەڵگەنامەیە تەنها دەقێکی پڕوپاگەندە نییە، بەڵکو ئەرشیفێکی داخوازی سیاسی و تووڕەیی و شکستەکانی کوردە لە سەردەمی حکوومەتی ئینتیدابای عێراقدا.
ئەو بەڵگەنامەیە کە لە 16ی نیسانی 1929 لە شاری هەولێر بە واژۆی “کۆمەڵەی فەدایی کورد” چاپ کراوە، بۆ نیشاندانی ڕۆڵی باشووری کوردستان لە پەرەپێدانی ناسیۆنالیزمی کوردیدا گرنگە. هەروەها تیشک دەخاتە سەر سیاسەتەکانی ڕابردووی ڕژێمی عێراق لە دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی سەرزەوینی و ژێرزەمینیی کوردستان، کە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامییان هەیە. ئەمڕۆکەش ھەرێمی کوردستان لە هەمبەر داگیرکاریدا هەم خۆی و هەمیش مافی حوکمڕانی سەربەخۆی ھەموو پارچەکانی کوردستان دەپارێزێت و لەم بوارەدا چالاکە.
ناوەڕۆکی بەڵگەنامەی ساڵی 1929 بەم شێوەیەیە:
بەڵگەنامەکە ئەم ئیفادەیە لەخۆدەگرێت:
«ئەی کوردینە، ئێوە ڕۆڵەی گەلێکی بەهێزن؛ ناوی ئێوە تا ڕۆژی قیامەت بە ئازایەتیەوە یاد دەکرێتەوە، مژدە بۆ ئێوە، ڕۆژی ئێمەش هەڵدێت.
ئەی کوردە چەوساوەکان ئاگاتان لەو ڕاستییە نییە کە خوێنتان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەمژرێت؟
ئەی کوردە ئازاکان کە بە دوای ڕێگای خۆتاندا دەگەڕێن، بۆچی ئێمە خزمەتکار بین لە کاتێکدا دیتران خەریکە دەبنە خاوەن ماڵ؟
بۆ ساتێک بیر لە مێژووی ڕابردوومان بکەنەوە. لەو کاتەوەی عەرەبەکان حکومەتەکەیان لە ژێر ناوی ‘حکومەتی عێراق’ دامەزراندووە، داهاتووی ئێمە لە تاریکیدا ون بووە. چونکە ئەوان هیچ هاوکاریەکی ئێمەیان نەکرد. بەپێچەوانەوە زمانی فەرمی ئێمەیان لە قوتابخانەکانماندا گۆڕی بۆ عەرەبی و بەم شێوەیەش ئێمە نەتەوەکەی خۆمان بەتەواوی لەدەست دەدەین.
سەیری ویلایەتەکانی ڕۆژئاوای عێراق و بەسرە بکەن؛ بەو باجانەی لە دەشتی دزەیی (پارێزگای هەولێر) وەرگیراون، چەندین ئامێری ئاو و کارەبا و کەناڵیان بۆ دروستکراون. بەڵام بەداخەوە ئێمە بە خەمگینیەوە ئەوە قبووڵ دەکەین کەوا لە ناوچە کوردییەکاندا هێشتا ناچارین ڕۆنی ڕەش لە چرا لامپاکانماندا بەکاربهێنین. تۆزێک بەراورد بکەن.
ئەی کوردە بوێرەکان، ئێمە هەموو ڕۆژێک مردن بە چاوی خۆمان دەبینین (بیر لە داگیرکرانی کوردستان بکەنەوە). ئیدی شەو تێپەڕی و خۆر هەڵدێت.
ئەی سەرکردەکانی کورد، ئەی ئەوانەی بەڕاستی کوردن! دەزانرێت کە خیانەتکاران کێن. پێویستە لە ماوەی پانزە ڕۆژدا بڕیاری خۆتان بدەن و کار بۆ ئازادیی کورد بکەن؛ ئەگەرنا دەبێ بزانن کە لەمەودوا ئێوەش بە مردوو دادەنرێن. کۆمەڵەی فیدائیانی کورد، بۆ کوشتنی ئەو جۆرە کەسانە ئامادەیە”.