ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی ئیمرالی بڵاوکرایەوە: ئۆجەلان دیسان دژایەتی ڕێبازی بارزانی کردووە

ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی ئیمرالی بڵاوکرایەوە: ئۆجەلان دیسان دژایەتی ڕێبازی بارزانی کردووە

ئۆجەلان دیسان دژایەتی “فیدراڵیزم” و “سەربەخۆیی” کردووە و گوتوویەتی نەتەوەخوازیی کورد خزمەت بە بەرژەوەندیی زلهێزە دەرەکییەکان دەکات.

زانیاری نوێ لە کۆبوونەوەکەی 28ی نیسانی 2026ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەریدەخات کە شەڕێکی قووڵی ئایدیۆلۆژی و سیاسی لە نێوان “هێڵی ئیمرالی” و “هێڵی بارزانی”دا سەریهەڵداوە. لەم دیدارەدا ئۆجەلان نەک هەر سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی خۆی، بەڵکوو سەبارەت بە ستراتیژی نوێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەلسەنگاندنی ڕادیکاڵی کردووە.

ئۆجەلان لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی خستۆتە سەر نەشتەرگەری چاوی خۆی و گوتوویەتی کە ئەم نەشتەرگەرییە بەڕیژەی 20٪ توانای بینینی باشتر کردووە. ئەم دۆخەی وەک نموونەیەک بەکارهێنا و ڕایگەیاند کە چیتر لە “تەم و دوکەڵ”دا نامێنێتەوە؛ چ لە بواری فیزیکی و چ لە بواری سیاسییەوە قۆناغێکی نوێی “چاوکراوە” دەستپێدەکا.

بەرفراوانترین و چڕترین تەوەری دیدارەکە دژایەتی ئۆجەلان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بنەماڵەی بارزانی بوو. ئۆجەلان ڕاستەوخۆ دژایەتی ڕێبازی بارزانیی کرد کە داوای قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کورد دەکات و ڕایگەیاند: “بارزانی دەیهەویست سیستەمێکی وەک هەولێر لە ‘باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا’ [رۆژئاوای کوردستان] دابمەزرێنێت، بەڵام من ڕێگریم لە هەوڵەکەی کرد”.

ئۆجەلان ئیدیعای ئەوەی کرد کە مەسعوود بارزانی بە پاڵپشتی ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵیداوە تا سیستەمێکی هاوشیوەی هەولێر لە ڕۆژئاوای کوردستان دابمەرزینێت. ئۆجەلان وتی: “من ئەم پلانەم بینی و دەستوەردانم کرد، بە مەزڵووم عەبدیم گوت کە ئەمە تەڵەیە و پێویستە لێی بکشێنەوە”. بە گوتەی ئۆجەلان ئەم هەوڵانە بە ئامانجی نەهێشتنی خەتەکەی ئەو دراون.

هەروەها ئۆجەلان باسی لە سەردانەکەی بارزانی بۆ سنووری جزیرێ کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە سەردانێکی ئاسایی نەبوو. ئاماژەی بەوەشکرد، بارزانی ویستویەتی بە نیشاندانی هێزی چەکداری خۆی پەیامی “ئەم شوێنە موڵکی منە” بۆ ئیمرالی بنێرێت. ئۆجەلان لە درێژە گوتی: “نەفرەتی من لە ئێستادا گەیشتووەتە خاڵی شکاندن”.

ئۆجەلان بۆ شاردنەوەی خیانەتەکەی و شەرعیەتدان بە ئایدۆلۆژیا دژە کوردیەکەی، هێڵی بارزانیی بە “خێڵەکی و بنەماڵەیی و دەسەڵاتدار” وەسف کردووە. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە چل ساڵە لە دژی ئەم عەقڵیەتەدا شەڕ دەکات و کاتێک پرۆسەکە لەگەڵ دەوڵەت کۆتایی بێت، تێکۆشانێکی گەورەتر لە دژی ئەو خەتە دەستپێدەکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئۆجەلان دژایەتی داواکارییەکانی “فیدراڵیزم” و “سەربەخۆیی”یشی کردووە. ڕەخنەی لە کەسانی وەک کەمال بورکای و ئیبراهیم گووچلوو گرت و ڕایگەیاند کە نەتەوەپەروەریی کلاسیکی کوردی خزمەت بە بەرژەوەندیی زلهێزە دەرەکییەکان دەکات. ئۆجەلان بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەو دابەشکردنی سنوورەکان نییە، بەڵکو “ئەنتەگرەبوون لەگەڵ کۆماری تورکیا”یە لەسەر بنەمای مافە دیموکراتیکەکاندا.

ئۆجەلان بە زمانێکی زۆر فەرمی و بە ئیرادەوە وتی: “من بووم کە ڕێکخراوەکەم چەک کرد و هەڵموەشاندەوە”. ڕاشیگەیاند کە سەردەمی شەڕی چەکداری کۆتایی هاتووە و ئێستا قەندیل لە ناو بۆشاییەکدایە. ئۆجەلان ڕەخنەی لە بەڕیوەبەریی پەکەکە لە قەندیل گرت کە ناتوانێت خۆی لەگەڵ “پارادایمی نوێ”دا بگونجێنێت و تەنها خۆی دەتوانێت ڕێگا بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە خۆش بکات.

ئۆجەلان هەروەها پەیامی توندی لەبارەی سەلاحەدین دەمیرتاش و “دەم پارتی”یەوە دا. ناوبراو ڕایگەیاند کە کەس ناتوانێت لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو سیاسەت بکات. ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەر کەسێک بیهەوێت لەم پرۆسەیەدا جێگای ببێتەوە، دەبێت بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکانی ئەو بێت، ئەگەرنا ئەو “دەنگیان کپ دەکات”.

ئۆجەلان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە، کار لەسەر “پلانێکی چارەسەری کاتی” دەکات. ئەم پلانە داوا لە دەوڵەت دەکات کە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا چوارچێوەیەکی یاسایی ئامادە بکات. ئۆجەلان وتی: “ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، من دەکشێمەوە”. ئۆجەلان بەم لێدوانە، هێڵی کۆتایی خۆی دەستنیشان کردووە کە ئەویش بریتییە لە: “تەسلیمبوون و ئەنتەگراسیۆنی بە دەوڵەتی تورکیا”.

Share