سەرۆک بارزانی: لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لەپێناو ئازادیی گەلەکەیاندا ئازایانە گیانی خۆیان بەخت کرد

سەرۆک بارزانی: لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لەپێناو ئازادیی گەلەکەیاندا ئازایانە گیانی خۆیان بەخت کرد

لەیلا قاسم وەک یەکەم ژنە کورد دەناسرێت کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە بەهۆی بیری نەتەوەیی و سیاسییەوە لەسێدارە درابێت.

سەرۆکی بارزانی لە ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیدا، دەڵێت، ئەو شەهیدانە بوونەتە سەرمەشق و هێمای بەرخودان بۆ هەموو ئازادیخوازانی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12/5/2026، سەرۆک بارزانی، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” پەیامێکی لەبارەی 52ـەمین ساڵیادی شەهیدکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی بڵاوکردەوە.

سەرۆک بارزانی رایگەیاند، شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لەپێناو ئازادی و کەرامەتی گەلەکەیاندا ئازایانە گیانی خۆیان بەخت کرد.

سەرۆک بارزانی روونیشی کردەوە، ئەو شەهیدانە بوونەتە سەرمەشق و هێمای بەرخودان بۆ هەموو ئازادیخوازانی کوردستان.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە یادی 52 ساڵەی لەسێدارەدان و شەهیدکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیدا سڵاو بۆ رۆحی پاکیان و رۆحی تەواوی شەهیدانی رێگەی ئازادی دەنێرن.

لەیلا قاسم لە ساڵی 1952 لە خانەقین لەدایک بووە و یەکێک بووە لە چالاکڤانە دیارەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.

 لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا لە بەغدا دەستی بە خوێندنی زانکۆ کردووە و لەوێش درێژەی بە خەباتی سیاسیی خۆی داوە.

لە ساڵی 1974 لەگەڵ چوار لە هاوڕێکانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیر کران. لە رۆژی 12ی ئایاری هەمان ساڵدا لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لە بەغدا لەسێدارە دران.

ئەو وەک یەکەم ژنە کورد دەناسرێت کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە بەهۆی بیری نەتەوەیی و سیاسییەوە لەسێدارە درابێت و تاوەکوو ئەمڕۆش وەک هێمایەکی نەتەوەیی بەرزی کورد سەیر دەکرێت.

Share