کاتێک پەکەکە لە ساڵی 1978دا دامەزرا، “کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو”ی وەک سەرەکیترین ئامانجی خۆی ڕاگەیاند. لە ساڵی 1999دا و کاتێک ئۆجەلان ڕۆیشتە ئیمرالی، ئامانجەکەی خۆی گۆڕی. ئامانجی نوێی ئۆجالان ئەمە بوو: “هیچ پێویست ناکات کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت؛ پێویستییان بە دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتی تورکیا و دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک هەیە”.
لە ساڵی 1999 هەتا 2025 هەزاران گەنجی کورد لە خەباتی پەکەکە بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆماری تورکیا گیانی خۆیان لەدەستدا. بەڵام کۆمار بە دیموکراتیک نەبوو.
ئۆجەلان لە ساڵی 2025دا پەکەکەی هەڵوەشاندەوە. کاتێک ئامانجی نوێی خۆی ڕاگەیاند، وتی کورد پێویست ناکات داوای دەوڵەت و ئوتۆنۆمی و تەنانەت مافی ڕۆشنبیریش بکات. ئامانجی نوێی ئۆجەلان بۆ کورد ئەمە بوو: “ئەنتەگراسیۆنی پۆزەتیڤ”.
لە ئێستادا ئۆجەلان وشەی “پۆزەتیڤ” بۆ هەر چەمکێک کە بەکاری دەهێنێت زیاد دەکات، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو شتە ئەرێنییە: دامەزراندنی پۆزەتیڤ، ئەنتەگراسیۆنی پۆزەتیڤ، یەکێتی پۆزەتیڤ… هیچ چەمکێک تەنها بە پێوەلکاندنی وشەی “پۆزتیڤ” نابێتە پۆزەتیڤ. ئامانجی ئۆجەلان ئەوەیە کە بە یاریکردن بە وشەکانەوە، کەرامەتێک بۆ خۆی لە چاوی ئەو جەماوەرەدا دروست بکات کە بە ئاسانی هەست بە گەمەکردن بە وشەکان ناکەن. لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتی “ئەنتەگراسیۆنی پۆزەتیڤ” لە بنەڕەتدا سیاسەتێکی فلتەرکراوی ئاسمیلاسیۆن و ژێردەستەییە کە دەسەڵاتە کۆلۆنیالیزمەکان ساڵانێکە ڕەچاوی دەکەن.
ئۆجەلان سەبارەت ە سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنی پۆزەتیڤ دەڵێ: “نابێت پەیوەندییەکانی هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی بنیات بنرێن، بەڵکو دەبێ لەسەر بنەمای گرێدان بە دەوڵەتەوە بنیات بنرێن”.
بە واتایەکی تر مانای ئەم ئامانجە ئەوەیە: “کورد نەتەوە نییە و خاوەن مافی سروشتی نەتەوەییش نیە کە لە نەتەوەبوونەوە پەیدا دەبێت؛ بەڵام ئەوان تورکیش نین، تەنیا هاووڵاتی تورکیان”. سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنی ئۆجەلان ئەوەیە کە کورد بکاتە هاووڵاتییەکی ئاسایی کۆماری تورکیا. بە واتایەکی دیکە ئۆجەلان کورد بە بێ وڵات، بێ مێژوو، بێ کولتوور، بێ هونەر و بێ کوردستان پێناسە دەکات.
ئەمەش مانای ئەوەیە کە: نەتەوەی کورد 50 ساڵە دژی بە تورککردن خەبات دەکات، گیان دەدات، وردوخاش دەکرێ و لە زێد و وڵاتی خۆی ئاوارە دەکرێ و هتد.. ئایا ئەم هەموو ڕەزالەتەیان تەنها بۆ ئەوە کێشاوە کە ببنە هاووڵاتی تورکیا؟
دیارترین گورز لە سیاسەتی “ئەنتەگراسیۆنی پۆزەتیڤ”ی ئۆجەلان، ڕۆژئاڤایە. کورد لە ڕۆژئاڤا لە دۆخێکی هاوشێوەی دەوڵەتدا بوون. بەڵام لە ئەنجامی سیاسەتی ئۆجەلاندا، زمانی کوردی (لە ئاستی فەرمیدا) لاواز بووە و ناوی کوردستان بوونی نەماوە و ناوی شارە کوردستانییەکان دەگۆڕدرێن. کوردەکانیش وەک سواڵکەر لەبەر سووریا دەپاڕێنەوە تا بڕێک لە پاشماوەی دەسەڵاتیان پێبدات. بەم دۆخە دەوترێت “ئەنتەگراسیۆنی پۆزەتیڤ”… بەڵام ئەوەی لە ڕۆژئاڤای ڕوودەدات، لە ڕاستیدا سیاسەتێکی ئاسمیلاسیۆنی فلتەرکراوە.
ئێستا ئۆجالان ئەم سیاسەتەی ڕۆژئاڤا وەک مۆدێلێک بۆ چوار پارچەی کوردستان دەخاتە ڕوو. ئەم ئامانجە نوێیەی ئۆجەلان کە کورد لە نەتەوەبوون دوور دەخاتەوە و دەیانکات بە پاشکۆی کۆلۆنیالیزم، سیاسەتێکی ئەنتەگراسیۆنی پۆزەتیڤ نییە، بەڵکوو پڕۆژەی خیانەتێکی پۆزەتیڤە.