شەڕی دەروونی پەکەکە لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان و فرمێسکی تیمساحی…

پەکەکە شێوازێکی نوێی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و گەلەکەی پەرەپێداوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیای فەرمی پەکەکە و ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا و یوتیوبەرەکانی، چەندین جار هەرێمی کوردستانیان کردۆتە ئامانج. بەڵام زمانی هەواڵەکانی ئەمجارەیان زۆر جیاوازە لە ڕابردوو.

میدیاکانی پەکەکە لە سەرەتادا هەواڵیان بە مانشێتەکانی وەک “پێشمەرگە هەڵدەوەشێتەوە” بڵاوکردەوە. وێنەیەکیان لە سۆشیال میدیا پێشکەش کرد کە وایکرد خەڵک وا بیربکەنەوە کە “لە ماوەی هەفتەیەکدا هێزی پێشمەرگە هەڵدەوەشێتەوە”. دوای ماوەیەکی کەم قەیرانی ئابوورییان لەگەڵ عێراق هێنایە ئاراوە و هەوڵیاندا وانیشان بدەن کە هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە. ئەوان تەنانەت هەوڵیاندا دۆخێکی وەها دروست بکەن کە تۆم باراک دێت و لە ڕۆژێکدا هەرێمی کوردستان وێران دەکات.

هەنووکەش ڕایدەگەیەنن کە “سوپای تورکیا ڕێگە نادات خەڵک بچێتە گوندەکانیان”. ئەوان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە خەڵکی گوندەکە برسین و ناتوانن زەوی و زارەکانیان بچێنن و زەویەکانیان داگیر کراوە. ئەو هەواڵەی کە خەڵکی دەڤەری هەفتەنین و دەشتی زێ، داوای گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانیان دەکەن، بۆ خۆیان کردیان بە ڕۆژەڤ.

هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر دەزانێت کە بەرەیەکی دژە کوردستانی بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و لەناو کۆمەڵگەی کوردیشدا هێندێ هاوپەیمانیان هەیە. ئەوانە ساڵانێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان چەندین شێوازی ئابووری و سیاسی و سەربازییان تاقیکردۆتەوە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە پەکەکە بە دڵ و بە گیان هاوپەیمانی و هاوکاریی گەرمی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا دروستکردووە کەوا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان دەدەن.

ئەوانەی دەیانهەوێت پێشمەرگە لەناوببەن، پێکهاتەکانی حەشدی شەعبین. پەکەکە لە ساڵی 2013 بەملاوە هاوکاریی حەشدی شەعبی دەکات و تا ئێستاش لەسەر هەمان هێڵە. لە دەیەی ڕابردوودا پەکەکە لە حەشدی شەعبی زیاتر پێشمەرگەی شەهید کردووە.

عێراق هەوڵدەدات دەست بە سەر سەرچاوەکانی نەوت و وزەی کوردستاندا بگرێت، پەکەکەش لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2022، پێنج جار بۆڕی نەوتی کوردستانی تەقاندۆتەوە و بە ملیۆنان دۆلار زیانی بە خەڵکی باشووری کوردستان گەیاندووە. جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە، لە ڕێکەوتی 2ی ئایاری 2022دا ڕایگەیاند: “ئێمە ڕێگە نادەین کوردستان غاز بە ئەوروپا بفرۆشێت”.

پێویستە پەکەکە شەرم بکات باس لەو گوندانە بکات کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون. چوونکە کاتێک ھەرێمی کوردستان گوتی: “ئەم ناوچانە بە ئێمە بسپێرن، ڕادەستی دەوڵەتی تورکیان مەکەن”، موراد قەرەیلان وتی “ئەگەر پێشمەرگە لێمان نزیک بێتەوە ئەوە شەڕی لێدەکەوێتەوە” و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بێ دوودڵی ھەموو ئەو ناوچانەیان بە بێ بەرگری ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرد.

بۆیە ئەگەر ئەمڕۆکە پیلانێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان هەبێت، پەکەکە هەر لە ئەوەڵەوە بەشێکی سەرەکی ئەو پیلانە بووە.

ئێستا ئەو هەواڵانەی لەسەر هەوڵدان بۆ بچووک کردنەوەی هەرێمی کوردستان بڵاوی دەکەنەوە، ڕەخنە نییە لە کارەکانی ڕابردوویان. ئەمە هۆشدارییەک نییە لەسەر مەترسی، ئەمە تەنها دڵخۆشییەکە بۆ پەکەکە. پەکەکە بەڕاستی فرمێسکی تیمساحی دەڕێژێت. دوای ئەوەی کە لە ڕۆژئاڤا، لە باکوور و لە هەموو شوێنێک دۆڕاندی، ئێستا پەکەکە لە توانای هەرێمی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر هەموو هێرشەکان، قەڵس و عاجزە. توانای هەرێمی کوردستان بۆ بەرگریکردن لەهەمبەر هەر هێرش و پەلامارێک، شکستەکانی پەکەکەیان وەبیر دەهێنێتەوە.

جیاوازی نێوان نیگەرانی و هەلپەرستی زۆر ڕوونە: هاوڕێیان برینەکان ساڕێژ دەکەن، بەڵام هەلپەرستەکان چاوەڕێن کە برینکە تەشەنە بکات. پەکەکە چاوەڕێی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە تا بتوانن بڵێن: “سەیر کەن، ئەوانیش هەڵوەشانەوە”.

Share