کێشەی دەروونی لە دۆزی کورد – تورکدا

کێشەی دەروونی لە دۆزی کورد - تورکدا

ململانێی نێوان کورد و تورک، هەرگیز تەنیا پرسێکی سنووری یان سیاسی نەبووە، بەڵکو شەڕی نێوان دوو یادەوەری بریندار بووە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

شتە گەورەکەی دیمەنی تورکی-کوردی ئەوە نییە کە شەڕەکە ئەوەندە درێژەی کێشا، بەڵکوو ئەوەیە کە هۆشیاری سیاسی سەرکردەکان زۆر خێراتر لە هۆشیاری دەروونی گەلان قسە دەکات. لێرەشدا کارەساتی ڕاستەقینەی شارستانیەت دەست پێدەکات.

هەموو ئەو گەلانەی لە شەڕە درێژخایەنەکانەوە سەریان هەڵداوە، لە ناو خۆیاندا هەڵگری ئەو شتەن کە کارل یۆنگ بە “سێبەری کۆمەڵایەتی” ناوی بردووە، ئەو بوونەوەرە شاراوەیە کە لە ڕۆح و یادەوەری گەلاندا دەژی و سەرلەنوێ ترس بەرهەم دەهێنێتەوە .

کورد و تورک ئیتر تەنیا لە جوگرافیایەکی هاوبەشدا ناژین، بەڵکو لە ناو دوو ترسی مێژوویی دژ بەیەکدا دەژین:

کورد: ترس لە ئاسمیلەبوون، ئینکارکران و لەدەستدانی ڕامانی نەتەوەیی.

تورک: ترس لە هەڵوەشانەوە، لەدەستدانی ناوەند و داڕمانی دەوڵەتێک کەوا لەسەر بناغەی ئیمپراتۆریەتێکی شکستخواردوو بنیات نراوە.

بۆیە ململانێی نێوان هەردوولا هەرگیز تەنیا پرسێکی سنووری یان سیاسی نەبووە، بەڵکو شەڕی نێوان دوو یادەوەری بریندار بووە.

بەڵام شتێکی سەیر و دژوارتر کاتێک دەستی پێکرد کە هەندێک سەرکردە هەوڵیاندا ئەم مێژووە بە یەکجاری بگۆڕن.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گۆڕانکارییە فیکرییەکانی ئەم دواییەیدا هەوڵیدا لە چەمکی نەتەوەیی دوور بکەوێتەوە و بەرەو چەمکی “نەتەوەی دیموکراتیک” بڕوات. وەک خۆی دەڵێت ڕزگاریی کورد و تورک لە سەرکەوتنی نەتەوەیی بەسەر گەلانی دیکەدا نییە، بەڵکو لە هەڵوەشاندنەوەی هزری نەتەوەپەروەریی ڕەق و تونددایە.

وادەردەکەوێ کە ئەم بیرۆکەیە زۆر بەرەوپێش دەچێت. بەڵام لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیەوە ئەم بیرۆکەیە دەچێتە ناو دیواری یادەوەری کۆمەڵایەتییەوە. چونکە زۆربەی ئەو کوردانەی تێکەڵ بە شەڕی درێژخیەن بوون، لەپێناو “برایەتی ئەنتەرناسیۆناڵی گەلان”دا تێکەڵ نەبوون، بەڵکو بەر لە هەرشتێک لەپێناو دانپێدانانی نەتەوەییدا بەشدار بوون. ئەوان لە سەردەمێکدا چوون کە وێنەی دەوڵەتێکی کوردی لە خەیاڵی کۆمەڵایەتیاندا هەبوو، هەرچەندە ئەگەر لە شێوە و سنوور و فەلسەفەکەشیدا جیاواز بووبن.

بۆیە گۆڕینی لەناکاو لە گوتاری “رزگاریی نەتەوەیی”یەوە بۆ گوتاری “پۆست نەتەوەیی”، لە نێو بەشێک لە کوردەکاندا وەک لادان لە خەونی مێژوویی بۆ فانتازیایەکی فەلسەفی وایە. وەک ئەوەیە کە بڵێینەتەوەیەک کە هێشتا بەتەواوی دان بە ناسنامەکەیدا نەنراوە، داوایان لێبکرێ کە بە خێرایی بەسەر چەمکی ناسنامەکەی خۆیدا باز بدات.

لە لای تورکیشەوە، وێنەکە کەمتر ئاڵۆز نییە. چونکە کۆماری تورکیا نەک هەر وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن دامەزرا، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی ڕزگاری نەتەوەیی لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دامەزرا. بۆیە ناسیۆنالیزمی تورک عەقیدەی مانەوە بوو نەک تەنها دیاردەیەکی سیاسی.

تورکێکی ئاسایی، دەوڵەت نەک هەر وەک دامەزراوەیەک، بەڵکو وەک دیوارێک دەبینێت کە لە پاشەکشەی مێژوویی دەیپارێزێت.

لێرەدا دژبەرییەکی توند لەنێوان هەر پڕۆژەیەکی ئاشتیدا دەردەکەوێت. ئاشتی ڕاستەقینە تەنها ڕاگرتنی شەڕ نییە، بەڵکو دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکی نەتەوە و دەوڵەت و شوناسە.

ئەمە ئەو شتەیە کە پێشتر کۆمەڵگا زیاتر لە شەڕ لێی دەترسا. چونکە شەڕ لە ڕووی دەروونییەوە ڕوون و سادەیە: دوژمن، ململانێ، سنوور و سەنگەر.

بەڵام ئاشتییەکی قووڵ، پرۆسەیەکی هێدی و هێواشە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ترسی مێژوویی، پرۆسەیەکە کەوا هەموو لایەک ناچار دەکات هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئەفسانە و مێژووگەلە بکەنەوە کە یادەوەری نەتەوەیی ئەوانی لەسەر بنیات نراوە.

بۆیە دیمەنی تورکی-کوردی ئەمڕۆ وەک دابڕانێک لە نێوان “کاتی بژاردەکان (نوخبە)” و “کاتی گەلان”دا دەژی. بژاردە فیکری و سیاسییەکان دەستیان کردووە بە گفتوگۆکردن لەسەر چەمکەکانی وەک:

ـ دیموکراسیی گەلان

ـ پۆست ـ ناسیۆنالیزم

ـ فرەیی بەربڵاوی ناسنامەکان

ـ ئەنتەگراسیۆنی پۆزەتیڤ

ـ نەتەوەی دێموکراتیک

لە هەمان کاتدا جەماوەر هێشتا هەمان پرسیارە کۆنەکان دەکات:

ـ ئێمە کێین؟

ـ ئایا دان بە ناسنامەی ئێمەدا دەنرێت؟

ـ ئایا ئێمە دەمێنینەوە

ـ ئایا دەوڵەت دەڕووخێت؟

ـ ئایا ناسنامە لەناو دەچێت؟

ـ ئایا قوربانیدانەکانمان لەپێناو هیچدا ڕۆیشتن؟

لێرەشدا کارەساتە فەلسەفییە گەورەکە بەدیار دەکەوێت: سەرکردایەتی پێشوو هەوڵدەدەن کە بگەنە “ئاسمانی فیکری” پێش ئەوەی گەل گەشتەکەی لەسەر “عەرزی برین” تەواو بکات. ئەمەیە کە گوتارە ئەنتەرناسیۆڵاەکان لەلای بەشێکی زۆر لە هەر دوو کۆمەڵگەکە وەک زمانێکی هەڵواسراو لە هەوادا بەدیار دەبێت، لە ڕووی فەلسەفیەوە جوانە، بەڵام بنیاتی هەستی هەردوو گەلەکە بەدوورە.

چونکە تاکێک کە سەد ساڵ لە قەفەسێکی نەتەوەییدا ژیاوە، تەنیا لە ڕێگەی نووسینە تیۆرییەکانەوە ناتوانێت ببێتە بوونەوەرێکی ئەنتەرناسیۆناڵ، چونکە یادەوەری مرۆڤ زۆر خاوترە لە فەلسەفە.

بۆیە پرسیاری ڕاستەقینە چیتر ئەوە نییە: ئایا پرۆژەی ئاشتی سەرکەوتوو دەبێت؟ بە پێچەوانەوە ئەوەیە: ئایا ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە ڕووی دەروونییەوە بە هۆی ترسی نەتەوەییەوە لە قاڵب دراون، دەتوانن بە شێوەیەکی ئاشتیانە بپەڕێنەوە بۆ قۆناغی “پۆست نەتەوەیی”، بەبێ ئەوەی هەست بکەن کە بۆخۆیان خیانەت لە یادەوەرییەکانی خۆیان دەکەن؟

ڕەنگە لێرەدا تراژیدیای قووڵی هەموو دیمەنەکە شاراوە بێت. سەرکردایەتی ڕابردوو هەوڵدەدەن لە نەتەوەپەروەری هەڵبێن، لە کاتێکدا گەل هێشتا لەناو نەتەوەپەروەریدا بەدوای فۆرمێکی مومکینی کەرامەت و دانپێدانان و ڕاماندا دەگەڕێن.

لەم بۆشاییەی نێوان خەیاڵی بژاردەکان و ناخی جەماوەردا، ئاشتی لە لێواری مێژوودا دەمینێتەوە، نە دەتوانێ بەتەواوی بسووڕێتەوە بۆ ناو شەڕ و نە ئەو چاونەترسیەشی هەیە بچێتە ناو ئاشتییەک کەوا هەموو کەس سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە.

Share