سەرۆک بارزانی: “پێشمەرگەبوون باڵاترین شانازییە”

سەرۆک بارزانی: سڵاو لە هەموو ئەو قارەمانانەی رێگەی پێشمەرگەبوونیان هەڵبژاردووە.
سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەڵێت، “پێشمەرگەبوون باڵاترین شانازییە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، سەرۆک بارزانی، لە پەیامێکدا بە بۆنەی 64ـەمین ساڵیادی پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی پێشمەرگەوە، سڵاوی نارد بۆ رۆحی پاکی ئەو پێشمەرگانەی خوێنی ئاڵیان بووەتە هەوێنی ئازادی و سەربەرزی بۆ گەلەکەیان و لەو پێناوەدا شەهید بوون.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” بڵاویکردووەتەوە، سڵاوی بۆ هەموو ئەو قارەمانانە نارد کە رێگەی پێشمەرگەبوونیان هەڵبژاردووە و ئەو ئەرکە پیرۆزەیان لەسەر شانە، هاوکات گوتی، “چاوی هەموویان ماچ دەکەم”.
سەرۆک بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە، “پێشمەرگەبوون باڵاترین شانازییە”.
لە 20ی ئایاری ساڵی 1962، سەرۆک بارزانی لە تەمەنی 16 ساڵیدا چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا کرد.
سەرۆک بارزانی، هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە گەورەترین شانازی بۆ ئەو، پێشمەرگەبوونە.هاوکات، بە درێژایی ساڵانی رابردوو لە قۆناغە سەختەکاندا، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی دژی رێکخراوی داعش، شانبەشانی پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگدا بوو بۆ پاراستنی خاکی کوردستان.