دەم پارتی: پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بە نەخشەڕێگایەکی یاسایی هەیە

دەم پارتی: پێشنیاز و هەنگاوەکانی باخچەلی، بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە گرنگن. هەروەها لێدوانەکانی حکوومەتیش هیوابەخشن.
بریکاری فراکسیۆنی دەم پارتی رایدەگەیەنێت، بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی، پێویستە پەرلەمان و حکوومەت بەبێ دواکەوتن رۆڵی خۆیان بگێڕن و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە “ئاشتی پێویستی بە یاسایە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، گوڵستان کڵێچ کۆچییغیت، بریکاری فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا، دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری خستە ڕوو.
“هەوڵەکانی ئۆجەلان و هەنگاوەکانی باخچەلی گرنگن”
کۆچییغیت ئاماژەی بەوە کرد، بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە داواکارییەکی هاوبەشی رای گشتییە و گوتی “پێشنیاز و هەنگاوە کۆنکرێتییەکانی دەوڵەت باخچەلی، بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە گرنگن. هەروەها لێدوانەکانی لایەنی جێبەجێکردن (حکوومەت) دەربارەی رەهەندی یاسایی پڕۆسەکە، ئومێدبەخشن.”
بریکاری فراکسیۆنی دەم پارتی جەختی لەوەش کردەوە “بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بگاتە ئەنجام، ئۆجەلان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵێکی راستەقینە دەدەن. ئێستا کاتی ئەوەیە حکوومەت و پەرلەمان پێکەوە بێنە ناو پڕۆسەکە و ئاستەنگەکان لابدەن.”
“ئاشتی پێویستی بە یاسایە”
کۆچیغیت رایگەیاند، قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی یاساییە و نابێت پشتگوێ بخرێت. گوتیشی “راپۆرتی لیژنەی پەرلەمان نەخشەڕێگەیەکی روونە بۆ هەنگاوە یاساییەکان و بۆ هەموومان پابەندکەرە، چونکە هەموو لایەک واژۆمان لەسەر کردووە. پێویستە بە خێرایی میکانیزمێکی چاودێری و بەدواداچوون بۆ پڕۆسەکە دابمەزرێت.”
هەروەها رایگەیاند: بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی هەنگاوی کردەیی بنێت، پێویستە پەرلەمان و حکوومەت دەست بە ئامادەکردنی ژێرخانی یاسایی بکەن و دەڵێت: “ئێستا کاتی کارکردنە نەک تەنیا قسەکردن.”
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا:
26ی تشرینی دووەمی 2024، دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ ئاشتی.
28ی کانوونی یەکەمی 2024، دیداری پەروین بوڵدان و سرى سوورەیا ئۆندەر، شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی.
پەیامی ئۆجەلان “بەهێزکردنی برایەتیی تورک – کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن.”
1ی ئاداری 2025 راگەیاندنی ئاگربەست و رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ.
5-7ی ئایاری 2025، بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە.
بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
11ی تەممووزی 2025، سووتاندنی چەک لەلایەن گرووپێکی 30 کەسی بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە رێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری شارۆچکەی دوکان – سلێمانی.