کۆمیتەی باڵای هەڵبژاردنەکان و پارێزگاری حەسەکە بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن کۆبوونەوە

“ئامادەکارییە لۆجستی و یاساییەکان تاوتوێ کراون بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە ئازادی و بەبێ بەربەست دەنگی خۆیان بدەن”.
کۆمیتەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل و پارێزگاری حەسەکە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا باسیان لە ئامادەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی هەڵبژاردن کرد. ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئامادەکاریی هەمەلایەنە بۆ سەرکەوتنی قۆناغی داهاتووی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوو.
لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ شاندێکی فەرمیی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل سەردانی پارێزگای حەسەکەی کرد. مەبەست لە سەردانەکە بەدواداچوون بوو بۆ کار و چالاکییەکانی سەر زەوی و دەستەبەرکردنی هەماهەنگی نێوان دامودەزگا پەیوەندیدارەکان.
شاندی میوان لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە و ئەندامانی لیژنەی بازنەکانی هەڵبژاردنی قامیشلۆ و حەسەکە کۆبووەوە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، عەباس حسێن بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری سیاسی، ئامادە بوو و پلانی پاراستن و بەڕێوەبردنی سندوقەکانی دەنگدان تاوتوێ کرا.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرجەم لایەنەکان لەسەر دەستەبەرکردنی مەرجە گونجاوەکان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆک بوون. ئاماژە بەوەشکراوە، سەرجەم ئامادەکارییە لۆجستی و یاساییەکان تاوتوێ کراون بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە ئازادی و بەبێ بەربەست دەنگی خۆیان بدەن.