شاندی ئیمرالی سبەی بۆ دیداری ئۆجەلان سەردانی ئیمرالی دەکات

شاندی ئیمرالی سبەی بۆ دیداری ئۆجەلان سەردانی ئیمرالی دەکات

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی دوایینجار لە 27ـی ئاداری ئەمساڵ سەردانی ئۆجەلانیان کردبوو.

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پەکەکە، سبەی سەردانی دوورگەی ئیمرالی دەکەن.

 سەزایی تەمەللی بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 24/5/2026، شاندەکە دەچنە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە.

 شاندەکە لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها و ئۆزگور فایق ئەرۆڵ، پارێزەری نووسینگەی یاساییی سەدە پێکدێن.

 ئەم دیدارە دوای ماوەیەک لە ڕاگیرانی کۆبوونەوەکان ئەنجام دەدرێت چونکە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی دوایینجار لە 27ـی ئاداری ئەمساڵ سەردانی ئۆجەلانیان کردبوو.

 پرۆسەی ئاشتی کە دەوڵەتی تورک بە “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، نزیکەی ساڵ و نیوێکە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا دەستیپێکردووە. لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بانگەوازی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد، کە پەکەکە چەک دابنێت و باسی لە “مافی هیوا” کرد.

 27ـی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە بانگەوازی ئاراستەی پەکەکە کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەک. لە 5-7ـی ئایاری 2025دا پەکەکە کۆنگرەی 12ـی خۆی بەست و تێیدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.

 لە 11ـی تەممووزی 2025 یەکەم گرووپی گەریلاکانی پەکەکە بە کردەیی چەکیان دانا. تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوخۆی تورکیا راگەیاند. لە 16ـی تشرینی دووەمی 2025 پەکەکە کشانەوەی لە ناوچەی (زاپ) لە هەرێمی کوردستان بەهۆی مەترسیی پێکدادان راگەیاند.

 حکومەتی تورکیا لە 5ـی ئابی 2025ـەوە “کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی” لە پەرلەمان پێکهێناوە، کە کار لەسەر چوارچێوە یاساییەکانی پڕۆسەکە دەکات بۆ ئەوەی گەڕانەوەی ئەو کەسانە و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی یاسایی رێکبخرێت.

 بەرپرسانی دەسەڵات دەڵێن، بۆ دەرکردنی یاساکان، پێویستە رێکخراو و دامەزراوەکانی پەکەکە لە وڵاتانی دیکە و ئەورووپا بە تەواوی خۆیان هەڵبوەشێننەوە.

 دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، رۆژی دووشەممە 18 ـی ئایاری 2026 رایگەیاند، پرۆسەکە چووەتە قۆناخێکی نوێ و پێویستی بە نەخشەڕێیەکی نوێیە و پێشنیاز دەکات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە “بە مەرجی مانەوەی سزاکەی” بە پێگەیەکی نوێوە لە نێو پرۆسەکەدا بێت.

 باخچەلی، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو پێگە نوێیە بە واتای نوێنەرایەتیکردنی کورد یان بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان نایەت و گوتی، هەماهەنگییەکە تەنیا بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەوە سنووردار دەبێت.

Share