قالیباف بۆ جاری سێیەم بە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرایەوە

ئاژانسی هەواڵی فارس: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک بە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرایەوە.
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران (پەرلەمان) بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا محەممەدباقر قالیباف بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک وەک سەرۆکی 12ـەمین خولی پەرلەمان دیاری کرا.
بە گوێرەی ئاژانسی فارس، هەموو ساڵێک لە حەفتەم رۆژی مانگی جۆزەردانی هەتاویدا، ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەرلەمانی ئێرانە و بەم بۆنەیەوە هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، دەستەی سەرۆکایەتی لە 11 ئەندام و یەک سەرۆک، دوو جێگر، سێ چاودێر و شەش سکرتێر پێک دێت.
هەروەها پەرلەمانی ئێران 13 لیژنەی تایبەتمەندی هەیە، هەر یەکێک لە لیژنەکان شەش ئەندام لەخۆ دەگرێت، یەکێک سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات و دووانی دیکە جێگری سەرۆکی لیژنەکە دەبن، هاوکات گوتەبێژێک و دوو سکرتێری دەبێت.
ئەندامانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران بە دەنگدانی راستەوخۆی سەرجەم پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردرێن، بەڵام سەرۆکایەتی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان لەلایەن ئەندامانی خودی لیژنەکان بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵدەبژێردرێن.