عادل عەبدولمەهدی: گەلی کوردستان مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن

عادل عەبدولمەهدی: گەلی کوردستان مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن

عەبدولمەهدی هێرشەکانی سەر غەززە و ئێرانی ئیدانە کرد بەڵام هاوکات هێرشەکانی ئێرانیشی لە ناوچەکەدا بە “ناڕەوا” وەسف کرد.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، دوای دیدارێکی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد دەربڕی. عەبدولمەهدی هەروەها داوای لە عێراق کرد بەگوێرەی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان تاران و واشنتۆن سیاسەتی خۆی ڕێکبخات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (24/5/2026)عادل عەبدولمەهدی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە خستەڕوو.

عەبدولمەهدی پشتگیری لە مافی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی کرد و وتی:

“خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک هەموو گەلانی دیکەی جیهان هاوبەشێکی ڕاستەقینەی ئەم هەرێمەیە و ڕەگ و ڕیشەیان لەم خاکەدایە، بۆیە مافی تەواویان هەیە بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن”.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەرنجی خستە سەر ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق دەبێت لەم چوارچێوەیەدا مامەڵە بکات و وتی: “عێراق پێویستی بەوەیە کە بە پێی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان تاران و واشنتۆن هەنگاو بنێت و خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا بگونجێنێت”.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و بوونی هێزی بیانی، عادل عەبدولمەهدی هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەی دەربڕی و وتی: “هەبوونی هێزی بیانی لەسەر خاکی عێراق ڕاست نییە، جگە لەوەش هێرشکردنە سەر گەلانی ناوچەکە کارێکی ناڕەوایە”.

عەبدولمەهدی لە درێژەی قسەکانیدا هێرشەکانی سەر غەززە و ئێرانی ئیدانە کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا هێرشەکانی ئێرانی لە ناوچەکەدا بە “ناڕەوا” وەسف کرد و داوای چارەسەرکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی وتووێژەوە کرد.

Share