مەسرور بارزانی: شۆڕشی گوڵان سەلماندی ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە

“شۆڕشی گوڵان، نەک تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی کوردستانی تێکشکاند، بەڵکوو ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کردەوە”.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی 50 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت ” شۆڕشی گوڵان، نەک تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی کوردستانی تێکشکاند، بەڵکوو ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کردەوە”.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
لەساڵیادی پهنجا ساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی 26ـی گوڵاندا، بە شکۆ و شانازییەکی زۆرەوە، یادی هەموو شەهیدە سەربەرزەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەر و خەباتکارانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە کە سەرەڕای دۆخی سەختی ئەو کاتە، بە ورەیەکی بەرزەوە دەستیان بە خەبات و تێکۆشان و بەرگری لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان کردەوە.
شۆڕشی گوڵان، نەک تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی کوردستانی تێکشکاند، بەڵکوو ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کردەوە و سەلماندی کە خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان، لە هەموو پیلانێک بەهێزترە و سەرەنجام بە هۆی خۆڕاگری و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی گەلەکەمان، راپەرین و ئازادی وڵات و چەندین دەستکەوتی دیکەی نیشتمانییمان بەدەست هێنا.
لە یادی پەنجا ساڵ و یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و گشت شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.