شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەدەستێنێ؛ سوپای ئیسرائیل لە ڕووباری لیتانی لوبنان پەڕیەوە

شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەدەستێنێ؛ سوپای ئیسرائیل لە ڕووباری لیتانی لوبنان پەڕیەوە

ئیسرائیل قەڵای ستراتیژی شەقیفی لە باشووری لوبنان کۆنتڕۆڵ کرد.

سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لە بەرزاییەکانی “شەقیف و ناوچەی وادی سلوقی” لە باشووری لوبنان راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند؛ فەرماندەیی باکوور دەستی بەم ئۆپراسیۆنە کردووە بە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا، بەهێزکردنی کۆنترۆڵی ئۆپراسیۆنی لە باشوور، و لادانی هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر ناوچەی “هێڵی سنووری رۆژهەڵاتی فەڵەستین و شارۆچکەی متەڵە”.

ئەدرەعی ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپراسیۆنەکە چەند دەستیپێکردووە و هێزە وشکانییەکان، لەوانە (لیوای گۆلانی، لیوای 7، لیوای جەفعاتی، لیوای ئاگر و یەکەی فرەڕەهەند) لەژێر فەرماندەیی فیرقەی 36 و بە رێنمایی هەواڵگری سەربازی، خەریکی ئەنجامدانی هێرشبەرین بۆ فراوانکردنی هێڵی بەرگریی پێشەوە.

هەروەها روونیکردەوە ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل، رەزامەندی لەسەر ئۆپراسیۆنەکە داوە و ئامادەکارییە شەڕکەرەکان بە شێوەیەکی رێکخراو ئەنجامدراون. ئۆپراسیۆنەکە تیشک دەخاتە سەر سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر بەرزاییەکانی شەقیف و وادی سلوقی و وەشاندنی گورزی قووڵ لە حزبوڵڵا و تێکدانی ئەو ژێرخانانەی کە بە رێنمایی ئێران دروستکراون.

گوتەبێژی سوپا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە رووباری لیتانی پەڕیونەتەوە و هێرشەکانیان بۆ باکووری رووبارەکە فراوان کردووە، هاوکات ئۆپراسیۆنەکان بۆ ناوچەکانی دیکەش پەرە دەستێنن. جەختیشی کردەوە، پێش چوونە ناوەوەی هێزەکان، فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکان بۆردومانێکی چڕیان کردووە. ئێستا سوپا لە دەوروبەری نەبتییە کار دەکات کە یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی هێزی حزبوڵڵا.

هێزەکانی ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی قەڵای ستراتیژی شەقیفیان لە باشووری لوبنان کرد، کە قەڵایەکی مێژوویی سەردەمی خاچپەرستەکانە و دەکەوێتە سەر بەرزاییەکی ستراتیژی. ئەمە بە قووڵترین چوونە ناوەوەی سوپای ئیسرائیل بۆ ناو خاکی لوبنان لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکدا دادەنرێت.

کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەڵایە کە نزیکە لە شاری نەبەتییە، دوای چەند رۆژێک لە شەڕی سەخت و هێرشی ئاسمانی چڕ بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری دێت، تێیدا سوپای ئیسرائیل پێگەکانی حزبوڵڵا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج. ئەم هەنگاوە وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئیسرائیل لە قەڵەم دەدرێت لە دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردووەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی، وێنەیەکی لە “ئێکس” بڵاوکردەوە، تێیدا هێزەکانی ئیسرائیل لە دەرەوەی قەڵاکە دەردەکەون. جێگەی ئاماژەیە سوپای ئیسرائیل پێشتر بۆ ماوەی 18 ساڵ لە ناو ئەم قەڵایەدا مابووەوە تا کاتی کشانەوەی لە لوبنان لە ساڵی 2000دا.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، چەند رۆژێکە ئۆپەراسیۆنێکیان لە بەرزاییەکانی “بوفورت و وادی سەلوقی” بەرەو باشوور دەستپێکردووە؛ بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی حزبوڵڵا و نەهێشتنی ئەو هەڕەشە راستەوخۆیانەی لەسەر مەدەنیانی ئیسرائیل هەن. سوپا ئاماژەی کردووە، ئامادەیە بۆ “فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە ئەگەری پێویستدا”.

ئێستا سوپای ئیسرائیل تەنیا 5 کیلۆمەتر لە شاری نەبەتییە، کە یەکێکە لە شارە سەرەکییەکانی باشووری لوبنان، دوورە.

دوێنێ شەممە، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند وڵاتەکەی رووبەڕووی پەرەسەندنێکی مەترسیدار بووەتەوە و ئیسرائیلی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی زەویی سوتاو تۆمەتبار کرد.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەو گفتوگۆ ئەمنییە راستەوخۆیانەی لە واشنتن لە نێوان شاندە سەربازییەکانی لوبنان و ئیسرائیل بەڕێوەچوون، هیچ پێشکەوتنێکیان بەدەست نەهێناوە.

Share