ئەندامێکی داعش لە گوندەوارەکانی حەلەب کوژرا

هێرشبەرەکە ماتۆڕسکیلێکی پێبووە و هەوڵیداوە کە خۆی بە بارەگایەکی فیرقەی 76ی سوپای سووریادا بتەقێنێتەوە.
لە گوندەوارەکانی پارێزگای حەلەبدا، خۆکوژێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بە تەقەی هێزەکانی سوپای سووریا کوژرا. بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەو کەسە لەکاتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی، کوژراوە.
میدیاکانی فەرمیی دەوڵەتی سووریا بڵاویانکردەوە، ئەو ئەندامەی داعش هەوڵیداوە کە خۆی بە بارەگایەکی فیرقەی 76ی سوپای سووریادا بتەقێنێتەوە. بەڵام یەکە سەربازییەکانی ناوچەکە ڕێگریان لە ڕوودانی کارەساتێک کردووە.
سەرچاوە میدیاییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، هێرشبەرەکە بە ماتۆڕسکیلێک لە بارەگای فیرقەکە نزیک بووەتەوە. دوای ئەوەی گومانی لێکراوە، دەستبەجێ لەلایەن ئەندامانی فیرقەکەوە تەقەی لێکراوە.
باس لەوەش کراوە کە هێرشبەرەکە لەوکاتەی کەوا دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە، تەقەمەنییەکانی بەخۆیدا تەقاندووەتەوە، بەڵام لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیەدا هیچ زیانێکی گیانی و زیانی ماددی بە ڕیزەکانی سوپا نەکەوتووە.