Skip to content
ترسی هەمووان لە هەقێقەت

زلهێزەکان لەو کاتەدا پشتگیری لە کورد دەکەن کە دەبێت بە بەشێک لە هاوکێشە ئەمنییەکانیان، بەڵام کاتێک کە بابەتەکە دەگۆڕدرێت بۆ مافە نەتەوەییەکان یان بۆ پێناسەکردنی نوێ یان نەخشە سیاسییەکان، ئەوکات دوودڵ دەبن.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ناوچەکە لە تەقینەوە، سیاسەتمەداران بە زمانێکی دڵنیاکەرەوە قسە دەکەن، باس لە سەقامگیری و ئەگەرەکانی ئاشتی و سەرکەوتنی دیپلۆماسی لە کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکاندا دەکەن. بەڵام مێژوو فێرمان دەکات کە مەترسیدارترین قۆناغەکان ئەو قۆناغانە نین کە شەڕیان تێدا ڕادەگەیەنرێت، بەڵکو ئەو قۆناغانەن کە هەمووان وا بیر دەکەنەوە کە شتەکان هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵدان.
ئەوەی ئەمڕۆکە لە نیوان ئەمریکا و ئێراندا ڕوودەدات، تەنها کێبڕکێیەک نییە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی یان گەروویەکی دەریایی یان هێژەمۆنیی ناوچەیی، بەڵکوو ئەوانە تەنها چەند ناونیشانیکی دیارن، دەنا لە قووڵاییدا پرۆسەیەکی زۆر گەورەتر بەبێدەنگی بەڕێوەدەچێت، ئەویش سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەژێر گوساری گۆڕانکارییە جیهانی و ئیقلیمییەکاندا.
ئەوەی لەپێش چاوانە ئەوەیە کە وێنەکە بە ئاسانی بەدیار دەکەون (ئەمریکا زەخت دەکات، ئێران بەرگری دەکات، تورکیا سەیر دەکات، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات و وڵاتانی کەنداویش بەدوای ئارامیدا دەگەڕێن).
بەڵام واقیعەکە زۆر ئاڵۆزترە، هەریەک لەو وڵاتانە لە ڕووەوە شتێک دەڵێن و لە ژوورە داخراوەکانیشدا بیر لە شتێکی دیکە دەکەنەوە.
ئەمریکا شەڕێکی هەمەلایەنەی ناوێ، نەک لەبەر ئەوەی ئاشتی دەوێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی دەزانێت شەڕە گەورەکان چیتر ئەو سەرکەوتنە خێرایانە بەرهەم ناهێنن کە لە سەردەمی ڕابردوودا بەدەستیان دەهێنا. ئێرانیش شەڕێکی هەمەلایەنەی ناوێ، چونکە باش دەزانێت کە مانەوەی دەوڵەتەکەی لە هەموو وتارێکی حەماسی یان سەرکەوتنێکی میدیایی گرنگترە.
تورکیاش ڕووخانی ئێرانی ناوێ، چونکە دەزانێت ئەو نائارامییەی کە لە ڕۆژهەڵات دێتەئاراوە، جارێکی دیکە دەرگا بەڕووی پرسە نەتەوەییەکاندا دەکاتەوە و نایەوێت ئەو پرسە دوبارە سەرهەڵبداتەوە.
کەنداویش شەڕی ناوێت، چونکە دەزانن هەر تەقینەوەیەکی گەورە بازاڕ و وەبەرهێنان و سەقامگیری ئابوورییان تێکدەدات.
جیاوازییەکە ئەوەیە کە هەموویان جەخت لەسەر ئارامی دەکەنەوە، بەڵام هەموویان بە پێی حیساباتێک دەجووڵێنەوە کە ئاشتی و ئارامی لەقتر و لاوازتر دەکەن.
لێرەدا ڕاستییەک دەخەینەڕوو کە لە میدیاکاندا زۆر باسی لێناکرێت.
ئیدی ئامانجی ڕاستەقینەی زلهێزەکان چارەسەرکردنی قەیرانەکان نییە، بەڵکو ئیدارەدانی قەیرانەکانە.
لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەیدانی چارەسەری کۆتایی نەبووە، بەڵکوو مەیدانی هاوسەنگی کاتی بووە. هەر قەیرانێک لەبری ئەوەی کە چارەسەر بکرێت، ڕادەگیردرێت. هەر کێبڕکێیەک لەباتی ئەوەی کە چارەسەر بکرێت، ئیدارە دەدرێت و هەر ئاگربەستێک دەبێتە پردێک بەرەو قەیرانێکی نوێ.
بۆیە پێدەچێت ناوچەکە لە دۆخێکی بەردەوامی “ناسەقامگیری ڕێکخراو”دا بژیت. سەرلێشێواوییەک کە بەشی هەموویان بکات و پێداویستییەکانی هەمووان بهێڵێت، بەڵام ناگاتە ئاستی داڕمانی تەواوەتی.
ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی گەرووی هورمز لە زۆرێک لە بەرە سەربازییەکان گرنگترە و لەبەرچی عێراق لە زۆرێک لە بەرەکانی شەڕ مەترسیدارترە و بۆچی پرسی کورد گەڕاوەتەوە ناو هاوکێشە ناوچەییەکان. هەرچەندە کەس وەک جاران بە ئاشکرا باسی ناکات.
ئەمڕۆ عێراق تەنیا دەوڵەتێک نییە لە نێوان ئێران و جیهانی عەرەبیدا، بەڵکوو گرێیەکی جوگرافی و سیاسییە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران و تورکیا و کەنداو تێیدا یەکدەگرنەوە. هەموو هەڵەیەک تێیدا، دەتوانێ ببێتە پریشکێک کە سنوورەکانی تێبپەڕێنێت.
بەڵام پرسی کورد دیوێکی تری ململانێی ناوچەکە ئاشکرا دەکات. کورد لە ناو هەموو هاوکیشەکاندا ئامادەیە، بەڵام لە زۆربەی بڕیارەکاندا ئامادە نییە. هەمووان وەک فاکتەری ئاشتی یان فاکتەری هاوسەنگی یان وەک کارتێکی فشار جەختیان لەسەر دەکەنەوە، بەڵام کەم کەس هەیە وەکوو نەتەوەیەک باسیان بکات کە دۆزی سیاسی و مێژوویی تایبەت بە خۆیانیان هەیە.
لێرەدا یەکێک لە گەورەترین جیاوازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ خۆی دەردەخات. زلهێزەکان لەو کاتەدا پشتگیری لە کورد دەکەن کە دەبێت بە بەشێک لە هاوکێشە ئەمنییەکانیان، بەڵام کاتێک کە بابەتەکە دەگۆڕدرێت بۆ مافە نەتەوەییەکان یان بۆ پێناسەکردنی نوێ یان نەخشە سیاسییەکان، ئەوکات دوودڵ دەبن.
بۆیە پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە کە ئایا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران سەردەکەون یان شکست دەهێنن.
پرسیاری قووڵتر ئەوەیە: دواتر چی ڕوودەدات؟
ئەگەر دانوستانەکان سەربکەون، ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارامتر لەدایک دەبێت؟ یان تەنها زریانێکی نوێ دەبێت کە قەیرانی داهاتوو دوادەخات؟
ئەگەر شکستی هێنا، ئایا شەڕێکی گەورە ڕوودەدات؟ یان دەچینە ناو پشکێکی نوێ بۆ ئیدارەکردنی پشێوی بە ناوی جیاوازەوە؟
کێشەی ڕاستەقینە لە ڕکابەرەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ناوچەکە هێشتا نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسی و ئەمنی بەرهەم بهێنێت کە قەیرانەکانی لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەر بکات. لەبری ئەوە تەنها بە ئیدارەدانیان بەسەندە دەکات.
بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ لە نێوان دوو جیهاندا ڕاوەستاوە.
جیهانێکی کۆن کە هێواش هێواش ئازار دەچێژێت و دادەڕمێت، بەڵام هێشتا نەڕووخاوە.
و جیهانێکی نوێ کە وێنەکانی لە ژێر سێبەردا دروست دەبن، بەڵام هێشتا لەدایک نەبووە.
لە نێوان ئەو دووانەدا هەر گەل و نەتەوەکانن کە بەهای بۆ دەدەن، لە کاتێکدا زلهێزە گەورە و هێزە ناوچەییەکان بەردەوام بەدوای هاوسەنگییەکی نوێدا دەگەڕێن کە کەس نازانێت شێوەی کۆتاییەکەی چۆن دەبێت.