هەنگاوی ئابووریی بەغدا و هەولێر؛ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان

هەنگاوی ئابووریی بەغدا و هەولێر؛ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان

عەلی زەیدی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان: دەست بە کار بکەنەوە.

دوای کۆبوونەوەی لووتکە لە بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت کۆبووەوە و بڕیاریدا لە ڕۆژی پێنجشەممە 4/6/2026ـەوە کۆمپانیاکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە و سەرجەم پێداویستییە ئەمنییەکانیان بۆ دابین بکرێت.

رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و نوێنەرانی ئەو کۆمپانیایانەی نەوت کرد کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوە و نەوت، هەروەها سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق ئامادەبوون.

بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، نوێنەرانی کۆمپانیاکان باسیان لە دۆخی کارکردنیان کردووە، “بەتایبەت لەژێر کاریگەریی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا روویانداوە، هەروەها دیدگەی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای پڕۆسەی بەرهەمهێنان خستووەتەڕوو.”

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە عەلی زەیدی، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، “ئەو زیانەی بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە بەر عێراق کەوتووە گەورەیە، ئەمەش وا دەخوازێت هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە لەڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم زیادکردنی بەرهەمهێنان.”

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، سەرجەم پێداویستییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دابین بکەن و ژینگەیەکی گونجاویان بۆ بڕەخسێنن.

نووسینگەکە دەڵێت کە سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دا کە “لە ڕۆژی پێنجشەممەوە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.”

لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە 856 مووشەک و درۆن هێرشی کراوەتەسەر  کە بەشێکیان بۆ سەر کۆمپانیا و کێڵگە نەوتییەکان بوون. بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەشێکی زۆری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کارەکانیان راگرت.

Share