قەیرانی جەهەپە گەیشتە لووتکە: ئەگەر کۆنگرە نەبەسترێت، ئەوا حیزبەکە لە هەڵبژاردن بێبەش دەکرێت

دادگای ئەنقەرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی دەرکردبوو.
لە جەهەپەدا، دوای قەیرانی سەرکردایەتی کە بە بڕیاری دادگا دەستی پێکرد، لە کۆی 138 پارلمانتاری حزبەکە 111 پارلمانتار بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە دیزاینکردنی پارتەکە بە پێی بڕیارەکانی دادگا قبووڵ ناکەن و داوایان کرد کە لە 12ی تەمموزی 2026دا کۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت.
لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دوای ئەوەی دادگای ئەنقەرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی حیزبەکەی دەرکرد، تەڤگەر و ئاڵۆزییەکان دەربازی قۆناغێکی نوێ بوون.
111 پارلمانتار کە زۆرینەی فراکسیۆنی حزبەکە پێکدەهێنن، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لە دژی سەپاندنی بڕیاری دادگاکە واژۆ کرد. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەوان قبووڵ ناکەن ئەو حزبە لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگا دابڕێژرێتەوە کە پێچەوانەی دەستوورە.
لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە: ئەگەر ئەم قەیرانە چارەسەر نەکرێت و جەهەپە تا 25ی تەمموزی 2026 کۆنگرە نەبەستێت، ئەوا پارتەکە ڕووبەڕووی مەترسی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان دەبێتەوە.
بەمەبەستی نەهێشتنی ئەو مەترسییە و بە ڕوونی دەربڕینی ئیرادەی حیزب، داوایان لە جەهەپە کرد کە لە 12ی تەمووزی 2026دا کۆنگرەی نائاسایی ببەستێت.
لە نێو ئەو 111 کەسەی کە واژۆیان لەسەر بەیاننامە هاوبەشەکە کردووە، ئۆزگور ئۆزەل هەیە کە بە بڕیاری دادگا دەسەڵاتەکانی وەک سەرۆکی گشتی لێسەندراوەتەوە.
لە ڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی باڵی کەمال کلیچدارئۆغڵو لە وەڵامی ئەم بانگەوازە، ڕێڕەوی جەهەپە دیاری دەکات.