مەسرور بارزانی: دەمانەوێت لەگەڵ عێراق رێککەوین و پەیوەندییەکانمان باشتر بکەین

مەسرور بارزانی: دەمانەوێت لەگەڵ عێراق رێککەوین و پەیوەندییەکانمان باشتر بکەین

سەرۆکوەزیرانی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بە عەقڵانییەتەوە بیر بکەنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ بەغدا بە مەبەستی پشتیوانیکردن بووە لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لا لەسەر بنەمای دەستوور.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و گفتوگۆی رژدیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی پرسی مووچە و هەناردەی نەوت کردووە.

روونیشی کردەوە، “ئامادەین یارمەتیی عێراق بدەین بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، چونکە کۆمپانیا نەوتییەکان داوای گەرەنتی دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان”.

لەبارەی کەرتی کارەباوە مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەروو، هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا هەیە و تاوەکوو 2000 مێگاوات کارەبا بە  حکوومەتی فیدراڵی دەدەن.

سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، سەرۆکوەزیران پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکە دووپات کردەوە و داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بە عەقڵانییەتەوە بیر بکەنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک و ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردەوە.

لە کۆتاییدا لەبارەی پرسی مووچە و دەروازە سنوورییەکان، سەرۆکوەزیران رایگەیاند، بەڕێوەبردنی دەروازەکان بەپێی دەستوور کاری هاوبەشە و هەرێمی کوردستان پابەندە بە دەستوورەوە. هەروەها هیوای خواست پرسی مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێت.

ڕۆژنامەنووس: ئامانجی سەردانەکەتان بۆ بەغدا چیبوو؟ پەیوەندییەکانی ئێستای هەولێر و بەغدا لە چ ئاستێکدان؟ لەسەر پرسی زیادکردنی هەناردەی نەوت لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن؟

 مەسرور بارزانی: سەردانی ئێمە بۆ بەغدا بێگومان بۆ ئەوە بوو کە پشتیوانی بەڕێز عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق بکەین و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە بدەین پەیوەندییەکانمان نەک تەنیا ئاسایی بکەینەوە بەڵکو بەرەو پێشەوە ببەین و ئەوەی بیستمان هەم لە بەڕێزیان هەم لە لایەنە سیاسییەکان هەموویان دڵخۆشکەر بوون کە ئەوان دەیانەوێ لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و ئەو گرفتانەی کە هەن بەرەو چارەسەر بڕۆن ئێمەش داکۆکیمان لەسەر جێبەجێکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کردووە وە ئەوانە کاریان دەوێ بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکرێ دوێنێ ئێمە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان نارد لەسەر بابەتی نەوت و بابەتی مووچە کە قسەی جدی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بکرێ ئەمەش دوای ئەوەی کە قسەمان لەگەڵ بەڕێز زەیدی کرد خۆیان پێیان باش بوو کە ئێمە بتوانین یارمەتی عێراق بدەین لە زیادکردنی بەرهەمی نەوتی چونکە هەروەکو خۆشتان دەزانن ئێستا لەگەڵ گەرووی هورمز رێگەی هەناردەکردنی نەوت سنووردارە یان نەماوە بۆیە عێراق خۆی و دنیا بە شێوەیەکی گشتی کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئەم شەڕەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە بۆ ئەوەی ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری بکەین و بتوانین دەورێکی کاریگەر و باشمان هەبێ لەوەی کە یارمەتی ئابووری حکوومەتی عێراق بدەین داوامان کرد شاندێکی کۆمپانیا نەوتییەکانیش لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بەیەکەوە بچنە بەغدا. کە چوون لەوێ دانیشتنیان هەبووە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لەگەڵ شاندی عێراقی، قسەی جدیان کردووە، کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی دەکەن کە بتوانن بەرهەمی نەوتی خۆیان دەست پێبکەنەوە و هەناردەکردنی نەوت بە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە زیاد بکرێت، ئێمەش لەگەڵ ئەو رەئیە بووین، پشتیوانی ئەو  هەنگاوەمان کردووە، خەریکن لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو دیسان باسی هەندێ وردەکارییان بکرێت و چاوەڕێی ئەوەین کە کۆمپانیاکان دەست بەکارەکانی خۆیان بکەن، ئەمە بێگومان بەشێک لە کێشەکە چارەسەر دەکا، نابێتە جێگرەوەی ئەو هەموو نەوتەی کە لە باشووری عێراقەوە هەناردە دەکرا؛ بەڵام ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە کە بتوانین یارمەتی ئابووری عێراق بدەین یارمەتی سەرۆکوەزیران بدەین، یارمەتی ئەو پەیوەندییە تەندروستیەی بەینی هەرێمی کوردستان و عێراق بدەین ئێمە هەوڵمان داوە و دەوری خۆشمان دەگێڕین.

ڕۆژنامەنووس: هیچ میکانزمێک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی رووناکی بۆ پارێزگاکانی عێراق؟

 مەسرور بارزانی: ئەمە بابەتی کارەبا ئەمەش بەشێکە لە وزە، یەعنی بە ئێمە وەکو هەرێم ئەزموونێکی سەرکەوتوومان هەبووە لە دابینکردنی کارەبا هەرچەندە جار بە جار هەندێ کێشەی تەکنیکی تێدەکەوێ بەڵام مەسەلەی زیادکردنی بەرهەمی غازی بۆ ئەوەی کارەبا زیاد بکرێت وە ئێمە بتوانین زیاتر بۆ عێراق بنێرین. بەڵێ ئێمە کارمان کردووە، ئێستا رێژەیەکی زیاتر وابزانم تا 2000 مێگاوات حکوومەتی هەرێم ئامادەیی هەیە کە ئەیدا بە حکوومەتی فیدراڵی لەسەر ئەو بنەمایە بتوانین یارمەتییەکی زیاتری حکوومەتی فیدراڵی بدەین بۆ دابینکردنی کارەبا کە یارمەتیدەر دەردەبێ بێگومان.

ڕۆژنامەنووس: هەنگاوی دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی چی دەبێت؟ پەرلەمان کارا دەکرێتەوە و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە؟

 مەسرور بارزانی: جەنابی سەرۆک وەکو مەرجەعی باڵای کوردستان داواکەی زۆر لە جێی خۆی بووە  و وەکو هەرێمی کوردستان وەکو حکوومەت وەکو پارتی ئێمە بە دەم فەرمانی جەنابیانەوە چوین و پێشمان باشە کە ئەو چەقبەستووی سیاسیەی کە ئێستا لە هەرێم هەیە ئەوە بەرەو کۆتایی بڕوا لایەنەکان عاقڵانەتر بیر بکەنەوە و هەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندی باڵای وڵاتەکە بکەنەوە، بەرژەوەندی تەسکێ خۆیان وەلابنێن قسەی نابەرپرسانە چیتر وابزانم دەردی ئەم خەڵکە چارەسەر ناکا ئەبێ هەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆک بن کە بەرژەوەندی ئەم خەڵکە لەبەرچاو بگیرێ و رای ئەم خەڵکەش ئەبێ لەبەرچاو بگیرێ ئێمە هەڵبژاردنەمان کردووە دوای 18 مانگ تائێستا ئێمە نەمانتوانیوە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە وەکو خۆی جێبەجێ بکەین، بۆیە ئێمە پێمان وایە هەموو لایەک ئەبێ پابەند بن بە بڕیاری خەڵک پێش هەموو شتێک و بە دەم فەرمانی جەنابی سەرۆکیشەوە بچن بۆ لێکتێگەیشتن و ئیتر کۆتایی هێنان بەو قەیرانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە.

ڕۆژنامەنووس: ڕاتان چییە سەبارەت بە رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی ئەمنی و ئاسایشی وڵاتەکە و هەرێمی کوردستان دەبێت؟

 مەسرور بارزانی: هەر وڵاتێک کە یاسا تێیدا سەروەر بێت بێگومان سەقامگیرتر دەبێت و ئەبێ هەموو لایەک پابەندی بڕیارەکانی حکوومەت بن، بڕیاری یاسایی بن، بۆیە هەر هەنگاوێک لەو روانگەیەوە بنرێت پێموایە لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق و حکوومەتی عێراقدا دەبێت.

ڕۆژنامەنووس: کەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکرێت؟ هیچ وادەیەک دیاری کراوە؟

 مەسرور بارزانی: من تا ئێستا نەمبیستووە هیچ وادەیەک دیاریکرابێت بۆ کۆبوونەوەکە.

ڕۆژنامەنووس: لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا گەیشتوونەتە رێککەوتن؟ هیچ چارەسەرێک هەیە بۆ رێگریکردن لە هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق؟

 مەسرور بارزانی: ئەوەی راستی بێت پێشتر، بڕیار بووە، یانیش بەرێکەوت بووە بەڵام هەوڵێکی جدی هەبوو بۆ ئەوەی کە ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی ببەن، ئەمە هەندێک کەس لەو بڕوایەدا بوون. بەڵام ئێمە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوەمان داوە کە مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەکو کیانێكی فیدراڵیش هەرێمی کوردستان بپارێزین. و ئەو پەیوەندییەی بەینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا لەسەر بنەمای خاڵە دەستورییەکان و یاسا بەرکارەکان بێ. لەبەر ئەوە هەموو هەوڵێکمان داوە کە بابەتی ئەسیکۆداش بە ئەنجام بگات پێشتریش لەگەڵ حکوومەتی پێشووتریش گەیشتینە هەندێ ئەنجامی سەرەتایی ئەوە ما بوو کە رێکەوتنەکە واژۆ بکرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی گوتیان ئێمە حکوومەتێکی کاربەڕێکەرین و تاوەکو هەڵبژاردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی حکوومەتی داهاتوو دێتە کایەوە دەبێ چاوەڕوان بین. بۆیە دوێنێ کە شاندەکە ئێمە چوو هەر لەسەر هەمان بابەت ئەم قسانەیان دووبارە کردووەتەوە کە ئەو رێکەوتنەی پێشتر وەکو سەرەتا ئێمە ئامادەمان کردبوو ئەوە ببێتە بە بنەمایەک بۆ رێکەوتنی کۆتایی بۆ بابەتی ئەسیکۆدا و ئاسایکردنەوەی تیجارەت لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت لە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل. ئینجا هەوڵی جدی هەیە، ئەمەش دیسان لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو قسەی جدی لەسەر دەکرێ و هیوادارین ئینشائەڵڵا بگەن بە ئەنجامێک. لێرە من حەز دەکەم شتێک بڵێم یەعنی زۆرجار خەڵک باسی ئەوە دەکات، دەیانەوێ وێنەیەکی زۆر زۆر ناتەندروست پیشانی خەڵک بدەن، کە بەحساب فشارێکی زۆر هەیە و هەرێمی کوردستان بەرەو تەنگەژە و ئەوانە دەڕوا من دەمەوێ بەڕاستی بە خەڵکی کوردستان بڵێم نیگەران نەبن وەزعی ئابووری مەنتیقەکە بەهەمووی لەبەر کاریگەری ئەم شەڕە، ئێستا ئەمەیە بەڵام هەوڵی جدیش هەیە بۆ چارەسەرکردن، ئێمە بەشێکین لە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و ئومێدیشم زۆرە ئینشائەڵڵا لەگەڵ حکوومەتی ئێستای بەغدا بگەینە رێکەوتنێک بۆ ئاسایکردنەوەی تیجارەت لە خاڵە سنوورییەکانی ئێمە و هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە دەکرێ پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێش باشتر بن بەڵام هیچ شتێک جێگرەوەی هەرێمی کوردستان نابێت.

ڕۆژنامەنووس: دەکرێت بڵێین پرسی مووچە بە تەواوەتی چارەسەر بووە؟

 مەسرور بارزانی: هیوادارین، ئەمە ئەو بەڵێنەیە کە لە بەڕێز سەرۆکوەزیران و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تریش ئێمە وەرمانگرتووە، ئەوان دەڵێن کە بابەتی مووچە تێکەڵاوی هیچ بابەتێکی تر ناکرێ لەگەڵ حەتا ئەگەر گرفتی بوچوونی ئیداریشمان هەبێ لەسەر هەندێ پرس نەگەیین بە رێکەوتن بەڵام بابەتی مووچە تێکەڵاوی شتێکی تر نابێ بەڵام راستییەک هەیە ئەبێ ئەوە بزانین. عێراق خۆی لە قەیرانی ئابووریدایە بابەت ئەوە نییە تەنیا مەسەلەی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە ئێستا هەرێمی کوردستان بووە بە بەشێک لە چارەسەر بۆ ئەوەی یارمەتی عێراقیش بدا لەم تەنگەژە و قەیرانی ئابووری دەرباز ببێ. بابەتی مووچە لەگەڵ وەزیری داراییش قسەی پێویست کراوە، هەرچەندە بوچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی کە داهاتە ناوخۆییەکان بە چ شێوازێک بدرێتەوە بە حکوومەتی فیدراڵی تێگەیشتنێکی هاوبەش نییە لەسەر ئەوەی کە داهاتە ناوخۆییەکان چین ئێمە بەپێی مافە دەستورییەکانی خۆمان پابەند بووین لەوەی کە پەنجا لەسەدی داهاتە فیدراڵییەکان بگوێزرێتەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵی، پێشتر لە کابینەی پێشتر لەسەر 120 ملیار دینار وەکو ئەرک لەسەر حکوومەتی هەرێم فەرز کرا بەڵام ئەمە هیچ بنەمایەکی نەبوو، تەنیا بابەتێک بوو کە رێکەوتنێکی زارەکی کرا کە ئەم مەبلەغە بنێرن بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن مووچە بنێرن هەرچەندە چەندین جاریش بیسمان دوا کەوت بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو کێشە و گرفتانە من حەز دەکەم خاڵێک بە بیر هەموو لایەک بێنمەوە. ئێمە لەو ماوەیە توانیمانە کەم و زۆر مووچەکان بە شێوەیەکی رێک بدەین راستە هەندێک جار دوو کەوتووە لەوانەیە یەک دوو ساڵ چەند مووچەیەک حکوومەتی فیدراڵی نەیتوانیوە بۆمان بنێرێ بەڵام بە بەراوردکردن ئێمە لە پێگەیەکی باشدا بووین کە توانیمانە ئیدارەی ئەو قەیرانە بکەین هیوادارم لە قۆناغەکانی داهاتوو ئەمە بە شێوەیەکی رێکتر ئەنجام بدرێ بە تایبەتی کە ئێستا حکوومەتی فیدراڵی پابەندبوونی خۆی دووپاتکردۆتەوە لەوەی کە مووچە تێکەڵی شتەکانی تر نەکرێت.

ڕۆژنامەنووس: لە سەردانەکەتاندا بۆ بەغدا هیچ رێککەوتنێک کرا؟ ئاسۆی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان روونە؟

 مەسرور بارزانی: لەسەر پرسی یەکەم ئێمە کە چوینە بەغدا لەسەر هەموو ئەو پرسانەی کە گرفت بوون لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی بەغدا قسەمان کردووە. بەشێک لەوانە مووچە بووە، بابەتی هەناردەکردنی نەوت بووە، چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە وزە بووە، پەیوەندییەکانی بەینی بەغدا و هەرێم بووە، خاڵە سنوورییەکان بووە، ماددەی 140 و ناوچە دابڕێندراوەکان بوون، زۆر لەو شتانەی کە تاکو ئێستاش بۆ خەڵکی کوردستان جێی پرسیارن ئێمە لەسەر هەموو ئەو خاڵانە جەختمان کردووەتەوە و داکۆکیمان کردووە کە ئەبێ مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێ و جێبەجێ بکرێ. ئەوەی بینیمان روانگەیەکی تازە هەیە لە بەغدا بەرەو ئەوەی کە تێگەیشتنێکی باشتر لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ئەبێ ئێمەش بە هەموو توانای خۆمانەوە لەگەڵ ئەوە دەبین کە بەرەو چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانە بڕۆین. هەندێکی لەوانەیە کاتی پێویست بێ بەڵام بێگومان نییەتی باش دەکرێ دەرگای زۆرمان بۆ بکاتەوە. لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەمە منەتی تێدانییە ئەمە مافێکی خەڵکی کوردستانە و بەڕاستی من لەگەڵ دەنگی خەڵکی کوردستانم کە ئەبێ پەرلەمان کارا بکرێتەوە، پەرلەمان موڵکی هیچ حزبێکی سیاسی نییە، هی دەنگی ئەو دەنگدەرانەیە و نوێنەرەکان ئەبێ راستگۆ بن لەگەڵ دەنگدەرەکانی خۆیان بێنەوە و پەرلەمان کارا بکەنەوە ئەوە ئەبێتە هەنگاوێکی باش بۆ قۆناغەکانی داهاتوو ئینشائەڵڵا. دەستان خۆش بێ، زۆر سوپاس، سوپاس.

Share