11 ساڵ تێپەڕبوو؛ یادی قوربانیانی تەقینەوەکەی گۆڕەپانی ئیستاسیۆن بەرز ڕاگیرا

بنەماڵەی قوربانیەکان: “برینەکانمان وەک ڕۆژی یەکەم تازەن، ڕۆڵەکانی ئێمە تەنها ئاشتییەکی شکۆمەندانەیان دەویست و لەم ڕێگایەدا بوون بە قوربانی”.
لە یازدەهەمین ساڵوەگەڕی تەقینەوەکەی میتینگی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 5ی حوزەیرانی 2015دا، لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ئامەد بەرنامەیەکی بەرفراوان بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی ڕووداوەکە بەڕێوەچوو. لەو هێرشە تیرۆریستییەدا پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 400 هاووڵاتیش بریندار بوون.
لە مەراسیمی یادکردنەوەکەدا کە بنەماڵەی قوربانییەکان و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی مافی مرۆڤ ئامادەی بوون، پەیامەکانی دادوەری و ئاشتی جەختیان لەسەر کرایەوە. شابان ئەسڵان باوکی جوان ئەسلان کە لە تەقینەوەکەدا گیانی لەدەستدابوو، بەناوی بنەماڵەی قوربانیەکانەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند، برینەکانیان وەک ڕۆژی یەکەم تازەن. ئەسڵان ڕایگەیاند کە ڕۆڵەکانیان تەنها ئاشتییەکی شکۆمەندانەیان دەویست و لەم ڕێگایەدا بوون بە قوربانی.
محەممەد کاماچ پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی، بە ناوی شاندی سیاسییەوە، وتارێکی پێشکەش کرد. کاماچ سەرنجی خستە سەر زنجیرە هێرشەکانی ئەو قۆناغە و ڕایگەیاند کە لە کۆمەڵکوژییەکانی 5ی حوزەیران، پرسووس و گارای ئەنقەرەدا، نیشانەی ئاشکرای ڕوودانی ئەو کارەساتانە هەبوون. کاماچ ڕەخنەی لە دامودەزگا ئەمنییەکان گرت کە ڕێگرییان لەو هێرشانە نەکردووە و داوای کرد هەموو بەرپرسیاران و تۆڕی پشت ئەم کۆمەڵکوژیانە، سزا بدرێن.
لە لایەکی دیکەوە، شارەوانیی گەورەشاری ئامەد، بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادی قوربانییەکان، لە شوێنی ڕوودانی تەقینەوەکە، هێمایەکی یادکردنەوەی دروستکرد. مەراسیمەکە بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر ئەم هێمایە و ڕێزگرتن لە یادی قوربانییەکان، کۆتایی هات.