بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە ژنی کورد” لێپرسینەوە لە ڕەحمی کۆچ دەستیپێکرد

بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە ژنی کورد” لێپرسینەوە لە ڕەحمی کۆچ دەستیپێکرد

لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکدا ڕەحمی کۆچ گاڵتەیەکی سەبارەت بە دیالۆگێکی نێوان پزیشکێک و ژنێکی کورد گێڕابۆوە.

گاڵتەیەک کە “ڕەحمی کۆچ” سەرۆکی بنەماڵەی کۆچ لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەی ئەمریکی لە ئیزمیر گێڕایەوە، جەنجاڵییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەم ڕووداوە، داواکاری گشتیی ئیزمیر بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە بەشێکی کۆمەڵگە”، لێپرسینەوەیەکی فەرمیی لە سەر ئەو بازرگانە بەناوبانگە دەستپێکرد.

ڕووداوەکە لە کاتی سەردانی ژوورەکانی پشکنینی نەخۆشخانەکەدا ڕوویداوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرادا، ڕەحمی کۆچ دەبینرێت کە گاڵتەیەک بۆ میوانەکانی دەوروبەری دەگێڕێتەوە کە تیایدا باس لە دیالۆگێکی نێوان پزیشکێک و ژنێکی کورد دەکات سەبارەت بە داوای لابردنی جلەکانی. بڵاوکردنەوەی ئەو قسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیگەرانی و کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە.

دوای ئەوەی لێپرسینەوەکان دەستیپێکرد، یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند، دادپەروەری لەسەر بنەمای سامان و دەوڵەمەندی و پاشناوی بنەماڵە و پێگە بڕیار نادات. وەزیری دادی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە لێدوانانە کە لە ژێر پەردەی ” نوکتە” یان ” گاڵتەجاڕی”دا کەرامەتی ژنان و توێژێکی کۆمەڵگە دەکەنە ئامانج، هەرگیز قبوڵ ناکرێت و بە توندی دژی هەموو جۆرە ڕێبازێکی جیاکاری و ڕق و کینە دەوەستنەوە.

لە لایەکی دیکەوە عومەر چەلیک وتەبێژی ئاک پارتیش بە ناوی پارتەکەیەوە بە توندی ئەو کارەی شەرمەزار کرد. چەلیک ئاماژەی بەوەدا کە نابێت هیچ وڵاتێک ببێتە بابەتی سووکایەتیکردن لەسەر بنەمای نەتەوە، باوەڕ و ڕەگەز و خستنەڕووی ناسنامەی “ژنانی کورد” لەم جۆرە بابەتانەدا کارێکی قێزەونە. چەلیک داوای لێبوردنێکی فەرمی کرد و ڕایگەیاند کە هەموو هاووڵاتان کەرامەتی یەکسانیان هەیە.

لە بەرامبەر زیادبوونی کاردانەوەکاندا، بازرگان ڕەحمی کۆچ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لێبوردنی کرد. کۆچ لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ نیازێکی خراپ و هیچ جۆرە سوکایەتیکردنێکی بەرامبەر بە ژنانی کورد نەبووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە تەنیا وەک ڕووداوێکی گاڵتەجاڕانە دەربڕدراوە و ئامانجی ئەو ناشیرینکردنیان نەبووە.

Share