ئەبو عومەر ئیدلیبی: قەتیسکردنی گەلی کورد لە ناو حیزبێکدا نەخوێندەواری مێژووییە

ئیدلیبی: “داننان بە مێژوو و کەرامەتی گەلان، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە یەکگرتوویی ئەوانەوە و لە کەرامەتی کەس کەم ناکاتەوە”.
ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی هێزەکانی دیموکراتیکی باکوور، لاپەڕەی مێژوویی پێکەوە ژیانی کورد و عەرەبی کردەوە و وەڵامێکی توندی بەو بازنانە دایەوە کە ناسنامەی تەواوی نەتەوەیەک لە چوارچێوەیەکی تەسکی سیاسیدا قەتیس دەکەن. ئیدلیبی ڕایگەیاند کە کورد تەنیا حیزبێک یان ئایدۆلۆژیایەک نییە، بەڵکو گەلێکی ڕاستەقینە و فرەڕەنگ و مێژووییە.
فەرماندەی ئەم هێزە (کە لەژێر چەتری هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ـ هەسەدە کاردەکات) ئەمڕۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. ئیدلیبی ڕەخنەی توندی لەو ڕێبازە بیرتەسکانە گرت کە واقیعی کۆمەڵگەکان لە دروشم، پۆستێک یان ڤیدیۆیەکدا کورت دەکەنەوە و گوتی: “ئەوانەی کە تەنیا پڕۆژەیەکی سیاسی لە نێو کورددا دەبینن نە لە مێژوو تێدەگەن و نە هیچ لەبارەی جەوهەری گەلانەوە دەزانن”.
ئیدلیبی سەرنجی خستە سەر فرەچەشنیی کۆمەڵگەی کوردی و مۆزائیکە کۆمەڵایەتییەکەی بەمشێوەیە ڕیز کرد:
فرەچەشنی ئایینی و بیروباوەڕ: لەناو کورددا موسڵمانی سوننە، عەلەوی، ئێزیدی، شیعە، مەسیحی و جوولەکە هەیە.
بناغەی فکری و سیاسی: لە سۆفی و کۆنەپارێزانەوە بگرە هەتا سیکۆلار و ناسیۆنالیست و ئیسلامی و چەپگەرا؛ دەیان بزووتنەوەی جیاوازیان هەیە، کە ئەمەش بەتەواوی وەکوو دۆخی کۆمەڵگای عەرەبەکانە.
برینێکی قووڵی هەرێمی: پەیمانی سایکس-پیکۆ
فەرماندەکەی هەسەدە لە لە پەیامەکەیدا سەرنجی بۆ قۆناغی پێش ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ ڕاکێشاوە و دەستنیشانی کردووە کە پێشتر هیچ سنوورێک لە نێوان گەلاندا نەبووە. ئیدلیبی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ڕێککەوتنە “ناپیرۆزە” بەر لەهەر کەس عەرەبەکانی دابەشکرد و دواتر سنووری بۆ جیاکردنەوەی برا و شار و بازاڕەکان دانا؛ سەرەڕای ئەوەی کە لە سووریا بە دەیان گوندی عەرەب و کورد دەیان ساڵە نان و ئاو و خۆشی و خەمیان هاوبەشە.
ئەبو عومەر ئیدلیبی لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە داننان بە مێژوو و کەرامەتی گەلان، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە یەکگرتوویی ئەوانەوە و لە کەرامەتی کەس کەم ناکاتەوە. لێدوانەکەی بە پرسیارێکی ڕەخنەگرانە کۆتایی دەهێنێت کە ڕووخساری سیاسەتی ناوچەیی ئاشکرا دەکات: “ئێوە دژی سایکس-پیکۆن یان لەگەڵیدان؟”