پەیامی ئۆجەلان بۆ کەنەکە لە نێوان تیۆری و پراکتیکی سیاسیدا

پەیامی ئۆجەلان بۆ کەنەکە لە نێوان تیۆری و پراکتیکی سیاسیدا

ئۆجەلان دەڵێ “یەکێتیی نەتەوەیی کاری یەک حیزب نییە”، بەڵام لە کردەوەدا حیزبەکەی ئۆجەلان (پەکەکە)، ڕێبازێکی قۆرخکاری لە چوار پارچەی کوردستاندا پەیڕەو دەکات.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە لە زیندانی ئیمرالیدایە، پەیامێکی نووسراوی ئاراستەی 24ـەمین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) کردووە. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە زۆرتر لە ئیسپاتی تیۆریک پێکهاتووە، داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکات کە “بەدوای یەکیەتییەکی دیموکراتیکی گەورەدا بگەڕێن”، بەڵام ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم لێدوانانەی ئەو لەگەڵ کردەوەکانیدا یەکناگرێتەوە.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئێستا گەلی کورد بووەتە یەکێک لە گرنگترین دینامیکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەبێ ئیرادەی کورد هیچ هاوکێشەیەکی نوێ دروست نابێت. بەڵام ئەم پێناسەیە کە وەک هەمیشە زمانێکی خۆبەخش و عیرفانی لەخۆدەگرێت، لەلایەن زۆرێک لە چاودێرانی سیاسییەوە وەک هەوڵێک بۆ داپۆشینی قەیرانە قووڵە ناوخۆییەکانی تەڤگەرەکە و لاوازییەکەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دادەنرێت.

خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لە پەیامەکەدا، بانگەوازی ئۆجەلان بۆ “کلتووری گفتوگۆ و قبووڵکردنی جیاوازییەکان لەسەر بەستێنێکی دیموکراتیک”ـە. چاودێرانی خۆجێی ئاماژە بەوە دەکەن، لە کاتێکدا کە ئۆجەلان باس لەوە دەکات کە”یەکێتیی نەتەوەیی کاری یەک حیزب نییە”، بەڵام کەچی لە کرداردا، ڕێکخراوەکەی خۆی واتە (پەکەکە) تاوانبارە بەوەی ڕێبازێکی قۆرخکاری (مۆنۆپۆلیست) لە چوار پارچەی کوردستاندا پەیڕەو دەکات و هێزە کوردییەکانی دیکە بە “خائین” پێناسە دەکات و ڕێگە بە هیچ دەنگێکی سیاسی جیاواز نادات.

هەروەها ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا شەڕ و توندوتیژی ڕەتدەکاتەوە و داوای چارەسەر لە ڕێگەی “سیاسەت و یاسا”وە دەکات. ئەم هەڵوێستە کە وەک گەورەترین پارادۆکسی تەڤگەرەکەی ئاپۆ سەیر دەکرێت، لە کاتێکدایە کە هێشتا ڕێکخراوەکەی دەستبەرداری خەباتی چەکداری نەبووە و لە ناوچەکانی وەک شنگال و ڕۆژئاڤا و هەرێمی کوردستاندا سەرچاوەی نائارامی و ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکانە.

لە ئەنجامدا پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ کەنەکە، هەرچەندە لە ڕووکەشدا وەک بانگەوازێکی ئاشتیانە و نەتەوەیی نیشان دەدرێت، بەڵام لەلایەن ڕەخنەگرانەوە تەنیا وەک “ریتۆریتێکی سیاسی” و هەوڵدانێک بۆ پاراستنی شەرعیەتی دامەزراوەکانی وەک کەنەکە سەیر دەکرێت، کە بۆخۆی لەلایەن زۆرێک لە هێزە سەرەکییەکانی کوردستانەوە وەک باڵێکی سیاسیی پەکەکە دادەنرێت، نەک وەک کۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ.

Share