هەڵوێستی هاوبەشی پەدەکە و یەنەکە دژ بە بڕیارەکانی عێراق: پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورن

هەڵوێستی هاوبەشی پەدەکە و یەنەکە دژ بە بڕیارەکانی عێراق: پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورن

پەدەکە و یەنەکە: هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە… بڕیاری تاکلایەنە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)، لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان بەرانبەر بە راگەیاندراوەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕی و پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردوویان بە چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمان بۆ هاووڵاتییانی کوردستان ناو برد و جەختیان کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانیشی هێڵی سوورن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24/11/2026، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو راگەیەنراوەی لە لایەن گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، لەگەڵ ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا لە عێراقدا لە ئارادان، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتوون زیاتری داوا نەکردووە، کەچی بە درێژایی ساڵانی رابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.

بە پێی راگەیاندراوەکە، هەردوو لایەن جەختیان کردووەتەوە، پێویستە هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێت دەستوور دادوەر و ناوبژیوان بێت لە نێوانیاندا. جگە لە دەستوور، هەر رێوشوێن و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەی یەنەکە و پەدەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن.

هەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە، ئێمە لەگەڵ دیالۆگ، شەفافییەت و لێکتێگەیشتنین و، بڕیاری تاکلایەنە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناکات.