ئایا شەمەندەفەرەکە لە ڕێگا دەرچووە یان چارەسەری دەگاتە دوا وێستگەی خۆی؟!

سانجار: “ئۆجەلان نەخشە رێگایەکی نوێی بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی پڕۆسەی ئاشتی پێشکەش کردووە”.
میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی، ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەی ئاشتی خاو بووەتەوە بەڵام لە ڕێڕەوی خۆی دەرنەچووە. ناوبراو ڕاشیگەیاند کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەخشەڕێگایەکی سێ خاڵی پێشکەش کردووە، کە وەک “خاڵە بنەڕەتییەکان” ناوی برد و ئامانجیان چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەیە و داواشیکرد، پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشوو، ڕێسا یاساییە گرنگەکان بەخێرایی پەسند بکرێن.
میتحەت سانجار سەبارەت بە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان و ئەو پرۆسەیەی کە دەوڵەتی تورک بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، کۆمەڵێک لێدوانی گرینگی داون.
سانجار، بە کەڵک وەرگرتن لە لێکچوونی شەمەندەفەر بۆ وەسفکردنی پێشکەوتنی پرۆسەی چارەسەری، وتی: “شەمەندەفەرەکە لە ڕێڕەوی خۆی دەرنەچووە، بەڵام زۆر خاو ببوو، دەتوانین بڵێین ئێستا دیسان دەستی بە جووڵە کردووەتەوە و قۆناغی ناچالاکبوونمان تێپەڕاندووە”.
سانجار جەختی لەوە کردەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراو پەکەکە نەخشەڕێگایەکی سێ خاڵیی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی پرۆسەکە خستۆتەڕوو و جەختی لەوە کردۆتەوە کە پێویستە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینەوە، پەیڕەوی یاسایی بە خێرایی پەسەند بکرێت.
نەخشەڕێگای ئۆجەلان
سانجار چورچێوەی پێشنیارەکانی ئۆجەلانی لەم 3 خاڵانەدا کورتکردەوە:
1ـ جەوهەری یاسایی (یاسای خانەی بنەڕەتی): ئۆجەلان یاسای چوارچێوەیی چاوەڕوانکراوی بە “خانەیەکی بنەڕەتی” دەچوێنێت. پێویستە ئەم یاسایە دوو ئامانجی سەرەکیی هەبێت: چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕ و پێکدادان (گواستنەوە لە توندوتیژیەوە بۆ سیاسەت) دروستبوون و نۆژەنکردنەوەی ڕەوشەکە بە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک. ئەم یاسایە پێویستە گەرەنتی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانان و ئەنتەگراسیۆن دابین بکات.
2- بەدامەزراوەییکردنی پرۆسەکە: بۆ ئەوەی دانوستانەکان لەسەر بنەمایەکی تۆکمە و متمانەپێکراو و سەربەخۆ بەردەوام بن، پێویستە میکانیزمێکی یاسایی پێش بخرێت. هەروەها ئەو یاسایەی کە دەبێ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو میکانیزم و ئۆرگانانەی کە دادەمەزرێنرێن، دەبێت بنەمایەکی یاسایییان هەبێت.
3ـ دیاریکردنی پێگە و ڕۆڵی ئۆجەلان: داوا دەکرێت کە پێگە و ڕۆڵی ئۆجەلان لە پرۆسەکەدا بە ڕوونی لە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیدا دیاری بکرێت.
“نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت، پێویستە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە، یاساکە دەربکرێت”
سانجار ئاماژەی بەوەدا کە دواکەوتنەکە مەترسی جیددی لێدەکەوێتەوە و وتی: “ئۆجەلان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە قۆناغی ڕێسا یاساییەکان نابێت دوابخرێت، ئامانج و مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئەم یاسای چوارچێوەیە بە کۆدەنگییەکی فراوانتر و پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینەوە، پەسند بکرێت”.
سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک دەم پارتی، ئامادەکارییەکانیان بۆ ڕەشنووسی یاساکە بە پێی سیناریۆ و پێشنیارە جیاوازەکان، بە بەردەوامی نوێ دەکەنەوە.
سانجار هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو ئیدیعا ناکۆک و دژبەیەکانە کرد کە لەناو ئاکەپەدا سەبارەت بە پرۆسەکە دێنە ئاراوە و ڕایگەیاند کە ئەوان لەهەمبەر گوتوبێژی لەوشێوەیە وشیارن و هەرچەندە بۆچوونی جیاوازیش هەبن، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە پرۆسەکە لە ژێر لۆژیک و ئامانجێکی هاوبەشدا بەڕێوەببرێت.