تۆم بەڕاک بۆ مەزڵووم عەبدی: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پەکەکە ببڕن و کادیرەکانی لە ڕۆژئاڤا دەربکەن

تۆم بەڕاک بە مەزڵووم عەبدی وتووە کۆتایی هێنان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و پەکەکە، یەکێکە لە داخوازە لە پێشینەکانی واشینگتۆن.
لە میانی دیدارەکەی هەولێردا، تۆم بەڕاک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا داوای لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) کردووە کە پێویستە بەتەواوەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت و کادیرانی ڕێکخراوەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەربکات.
ڕۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، تۆم بەڕاک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد و لەوێ لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە.
پچڕانی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پەکەکە، لە ئەولەوییەتەکانی واشینگتۆنە
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی عەرەبیە ئەلحەدەس، بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان؛ لە کۆبوونەوەکەدا تۆم بەڕاک داخوازیی واشینگتۆنی گەیاندۆتە مەزڵووم عەبدی و پێی گوتووە کە پێویستە هەسەدە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بە تەواوی بپچڕێنێت و کادیرەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربکات.
تۆم بەڕاک بە مەزڵووم عەبدی وتووە کۆتایی هێنان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و پەکەکە، یەکێکە لە داخوازە لە پێشینەکانی واشینگتۆن.
سەرچاوەکان دەستنیشانیان کردووە کە بەڕاک نەک تەنها پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ پەکەکە، هاوکات داوای لە مەزڵووم عەبدی کردووە کە سەرجەم کادیرانی پەکەکە لە ناوچە کوردییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاڤای کوردستان) وەدەربنێت.
ئەنتەگراسیۆنی سەربازی و ئیداری لەگەڵ سووریا
سەبارەت بە ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ دیمەشقدا، تۆم بەڕاک بە مەزڵووم عەبدیی ڕاگەیاند کە لە بەرامبەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ پاراستنی قەوارەی کورد، پێویستە ئەنتەگراسیۆنی سەربازی و ئیداریی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سووریا تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو بێت.
ڕاگەیەندراوە کە مەزڵووم عەبدیش بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکانی واشینگتۆنی داوەتەوە.
ڕێککەوتنی ئابووری و وزە
هەروەها لە هەمان کۆبوونەوەی هەولێردا، دانوستان لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا کراوە. بەپێی ئەو پلانە کوردانی ڕۆژئاڤا لە سەرەتادا 10%ی داهاتی کێڵگەکان وەردەگرن و لە داهاتووشدا ئەم ڕێژەیە زیاد دەکات.
سەردانی مەزڵووم عەبدی بۆ ئەورووپا
دوای کۆبوونەوەکەی هەولێر، مەزڵووم عەبدی سەردانی ئیتاڵیای کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی ئەو وڵاتە و بڕیارە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی ئەم نەخشەڕێگا نوێیە و ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ دیمەشقدا، سەردانی فەرەنساش بکات.