لە حەسەکە، ڕێککارەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی تاوتوێ کران

“پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و پاشماوەکانی جەنگ، هەنگاوی یەکەمە بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی سڤیل”.
نورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەکە لەگەڵ شاندێکی پیشەسازی لە تیمی سەرۆکایەتی سووریا کۆبووەوە. لە میانی دیدارەکەدا ڕێوشوێن و هەنگاوە کردارییەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەرەکانی سەرێ کانی لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی ژانیڤەریەدا تاوتوێ کران.
پارێزگارییەتی حەسەکە لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، پارێزگار و شاندی یاوەری بە وردی باسیان لە ئامادەکارییە پێویستەکان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەت و پارێزراو و شکۆمەندانە بۆ هاووڵاتیان. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و پاشماوەکانی جەنگ، بەتایبەتی لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان، هەنگاوی یەکەمە بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا گرنگییەکی زۆر بە بەردەوامی هەماهەنگی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دراوە. لایەنەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە بەمەبەستی ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەران، پێویستە بە زووترین کات ڕێوشوێنە یاسایی و ئەمنییە پێویستەکان تەواو بکرێن.