ئۆزگور ئۆزەل سەردانی ئامەد و دیلۆک دەکات؛ دەنگۆکان لەسەر دامەزراندنی حیزبێکی نوێ، گەرم دەبن

ئۆزگور ئۆزەل سەردانی ئامەد و دیلۆک دەکات؛ دەنگۆکان لەسەر دامەزراندنی حیزبێکی نوێ، گەرم دەبن

بەرەی کلیچدارئۆغڵو بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە لە هیچ بارودۆخێکدا بەشداری لە کۆنگرەی نائاسایی حزبەکەدا ناکەن.

ڕاگەیەندراوە کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی بەرفراوانی دوو ڕۆژەدا، ڕۆژانی هەینی و شەممە، سەردانێکی فەرمی بۆ شارەکانی ئامەد و دیلۆک لە باکووری کوردستان ئەنجام دەدات. ئەم جووڵە سیاسییەی ئۆزەل لە کاتێکدایە کە قەیرانی ناوخۆی جەهەپە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و دەنگۆی گەورە لەسەر دابەشبوونی ئەو حیزبە لەئارادایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پشت پەردەی سیاسەتی ئەنقەرەوە هاتوون، گوایە ئۆزگور ئۆزەل دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییە بڕیارێکی بنەڕەتیی بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ داوە. هۆکاری سەرەکی ئەم هەنگاوە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارەکەی دادگا کە کەمال کلیچدارئۆغڵوی وەک سەرۆکی جەهەپە دەستنیشانکردەوە و بەرەی کلیچدارئۆغڵو بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە لە هیچ بارودۆخێکدا بەشداری لە کۆنگرەی نائاسایی حزبەکەدا ناکەن. ئەم هەنگاوە یاسایی و سیاسییە زەمینەی بۆ دابەشبوونی باڵە جیاوازەکانی ناو جەهەپە خۆش کردووە.

لە لایەکی دیکەوە لە ناو کۆریدۆرە سیاسییەکاندا باس لەوە دەکرێت کە سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم پارتە نوێیە، ناکۆکی قووڵ لە نێوان ئۆزگور ئۆزەل و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵدا هەیە کە ئێستا لە زینداندایە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر پرسی دەستپێکردنی ئەم پڕۆژە سیاسییە نوێیە وەک یەک بیرناکەنەوە و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەمەش وەک قەیرانێکی نوێ لەناو باڵی ڕیفۆرمخوازنی ناو جەهەپە هەژمار دەکرێت.

Share