چەپەکانی تورکیا لە دەم پارتی جیادەبنەوە و هاوپەیمانییەکی نوێی چەپگەرا پێکدەهێنن

چەپەکانی تورکیا لە دەم پارتی جیادەبنەوە و هاوپەیمانییەکی نوێی چەپگەرا پێکدەهێنن

هەوڵدەدرا دەم پارتی وەک پارتێکی نەتەوەیی کورد پیشان بدرێ، بەڵام لە واقیعدا پێکهاتەی ئەم پارتە لەسەر بنەمای هاوپەیمانییەکی فراوانی چەپ و سۆسیالیستەکانی تورکیا بنیات نراوە.

لە گۆڕەپانی سیاسەتی تورکیادا پێشهاتێکی نوێ ڕوویداوە و دەگوترێ چەندین کوتلە و پێکهاتەی چەپگرا، ڕیزەکانی “دەم پارتی”یان بەجێهێشتووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان دوای ئەم جیابوونەوەیە، بەرەیەکی نوێی سیاسی و هاوپەیمانەتییەکی نوێی چەپگراکانی تورکیا لە ژێر سەرکردایەتی چەند حیزبێکی سۆسیالیستیدا، دامەزراوە.

ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە، پارتەکانی وەک پارتی سۆسیالیستی بندەستان (ESP)، پارتی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی سۆسیالیستی (SYKP)، پارتی بزووتنەوەی کرێکاران (EHP) و پارتی ئازادی کۆمەڵایەتی (TÖP) لەخۆدەگرێت. ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم بلۆکە نوێیە پارتە چەپەکانی دیکەی دەرەوەی دەم پارتی، لەوانە پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP)، پارتی زەحمەتکێشان (EMEP)، پارتی چەپگرا (سۆل پارتی) و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا (TKH) لەخۆ دەگرێت. ئەم لایەنانە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە لەمەودوا چالاکییە سیاسییە هاوبەشەکانیان لەژێر چەتری “نا بۆ هەماهەنگیی ناتۆ” بەڕێوەدەبەن.

ئەم دابەشبوونە نوێیە وەک نیشانەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لەناو ڕیزەکانی چەپەکان لە تورکیادا سەیر دەکرێت. هەرچەندە هەندێ لایەن لە ڕای گشتیدا هەوڵیان دا دەم پارتی تەنها وەک پارتێکی نەتەوەیی کورد پیشان بدەن، بەڵام لە واقیعدا پێکهاتەی ئەم پارتە لەسەر بنەمای هاوپەیمانییەکی فراوانی چەپ و سۆسیالیستەکانی تورکیا بنیات نرابوو. چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەم دابەشبوونە، ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران و کارگێڕان و تەنانەت هاوسەرۆکانی دەم پارتی خۆیشی هێشتا لە بەرەی چەپ و کەمالیستی تورکیادان.

ئەم نەخشەیە کە بە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی “برایەتی گەلان”ی پەکەکە دادەنرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا وایکردووە جەماوەری کورد ڕاستەوخۆ دەنگ بەم پلاتفۆرمە بدەن بۆ ئەوەی کە بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانیان بکات. بەڵام پێکهێنانی ئەم بەرە نوێیە لەدەرەوەی دەم پارتی ئەوە دەردەخات کە ناکۆکی ئایدیۆلۆژی و ستراتیجی گەیشتووەتە ئاستێک کە هەردوولا لەیەکتر جیا بکاتەوە و هێشتا نازانرێت ئەم هەنگاوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا چ کاریگەرییەکی لەسەر هێزی دەنگەکانی کورد و پەیوەندییە سیاسییەکانی هەرێمەکە دەبێت.

Share