سەردانی سەزگین تانریکولو بۆ لای باخچەلی مشتومڕی لێکەوتەوە: مەهەپە بە توندی وەڵامی ڕەخنەکان دەداتەوە

سەزگین تانریکولو، پارلمانتاری ئامەدی جەهەپە، لەگەڵ باخچەلی کۆبۆتەوە و وێنەی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردبۆوە.
سەردانەکەی سەزگین تانریکولوو، پارلمانتاری ئامەدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ لای دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە ناو سیاسەتی تورکیادا کاردانەوەی بەربڵاوی لێکەوتەوە. دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی کۆبوونەوەکە، یڵدیرای چیچەک، ڕاوێژکاری میدیایی سەرۆکی مەهەپە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی تورکگون، بە لێدوانێکی توند وەڵامی ڕەخنەکانی ئۆپۆزسیۆنی دایەوە.
سەزگین تانریکولو، پارلمانتاری جەهەپە، لە ڕیکەوتی 17ی حوزەیراندا سەردانی دەوڵەت باخچەلیی کرد و وێنەی کۆبوونەوەکەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا، بڵاوکردەوە. تانریکولو ڕایگەیاند کە گفتوگۆیەکی گرنگیان لەسەر پرسە نەتەوەییەکان کردووە و بەناوی خۆی و شاری دیاربەکرەوە سوپاسی هەوڵەکانی باخچەلیی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد.
بەڵام ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە ناوخۆییە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی باڵە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوویەوە. لە سەر ئەم بابەتە یڵدیرای چیچەک ڕاوێژکاری مەهەپە لە وتارێکدا کە دوێنێ لەژێر ناونیشانی “سەردانێک و دووڕوویی تۆڕێکی بەرژەوەندی” بڵاوکرایەوە، بەرگری لە کۆبوونەوەکە کرد و ڕایگەیاند کە ئامانجی کۆبوونەوەکە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی “تورکیا بەبێ تیرۆر” و پاراستنی یەکگرتوویی و بنیاتنانی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە بووە.
چیچەک لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە لە ڕابردوودا بیرۆکەکانی تانریکولو ڕەخنەی توندیان لێ گیراوە، بەڵام هەڵوێستی ئێستای لە پشتیوانیکردن لە برایەتی گرنگە. چیچەک هەروەها ڕایگەیاند کە کاردانەوەی کوتلە دابەشبووەکانی ناو جەهەپە بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکانیان لەسەر سەرکردایەتی ئۆزگور ئۆزەل تەواو سروشتییە، بەڵام ئەو ڕەخنانەی پارتی IYI و پارتی زەفەر (سەرکەوتن) بە ” دووڕوویی” وەسف دەکات.
نوێنەری مەهەپە لە بەشی کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا وەبیری هێنایەوە کە سەرکردەکانی ئەو پارتانە وەک ئومیت ئۆزداغ و موساڤات دەرڤیشئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ساڵی 2018 و 2023دا لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی و دەستڕاگەیشتن بە کورسییەکان لەگەڵ هەمان پارتی سەزگین تانریکولو هاوپەیمانییان پێکهێنابوو و لەو کاتەدا هیچ ناڕەحەتییەکیان نیشان نەدا. چیچەک جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بازنانە کاتێک هەنگاو بەرەو ئاشتی دەگیرێنەبەر، دوژمنایەتیی دەکەن و هەر هەوڵدانێک بۆ یەکڕیزی پارچە پارچە دەکەن.