لەکاتێکدا کە بەغدا لە گەندەڵیدا نوقم بووە.. بۆچی دەنگی پەرلەمانتارانی کورد لە دژی هەولێر بەرزترە؟

لەکاتێکدا کە بەغدا لە گەندەڵیدا نوقم بووە.. بۆچی دەنگی پەرلەمانتارانی کورد لە دژی هەولێر بەرزترە؟

ئەو پرسیارەی کە لە مێژوو و سیاسەتدا بە کراوەیی دەمێنێتەوە ئەمەیە: کاتێک بەغدا نوقمی قەیران و گەندەڵی بوو، بۆچی بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد زیاتر خەمی سەلماندنی هەڵەکانی کوردستانیان بوو؟!

سمکۆ عەبدولعەزیز

لە فەلسەفەی سیاسیدا مرۆڤ تەنیا بەو هەڵوێستە ناناسرێتەوە کە دەیگرێتەبەر، بەڵکو بەو ئامانجە دەناسرێتەوە کە بۆی دانراوە.

ئەگەر دادوەرێک دادپەروەریی لەبیر بکات، مانای ئەوەیە کە دادپەروەری لەدەست دەدات، ڕۆشنبیرێک ڕاستی پشتگوێ بخات، مانای ڕۆشنبیری بوونی نامێنێت و پەرلەمانتاریش ئەگەر دەنگدەر و نوێنەرایەتییەکەی لەبیر بکات، ئەوا بەهای ئەخلاقی و سیاسی پەرلەمانتارییەکەی لەدەست دەدات.

ئەو پرسیارەی کە ڕووداوەکانی ئەمڕۆی عێراق دەیسەپێنن ئەوەیە: ئایا پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، پارێزەری کوردستانە لە ناو دەوڵەتی عێراقدا، یان بووەتە نەیاری کوردستان؟

ئەو دۆسیانەی گەندەڵی کە لە عێراقدا ئاشکرا بوون، تەنها فەزیحەی دارایی یان دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێکی کەم نەبوون، بەڵکو داڕمانی ئەو چیرۆکە سیاسیەش بوو کە ساڵانێکە دەگێڕدرێتەوە: گەندەڵی کێشەیەکی دیاریکراوی کوردستانە، بەغدا نموونەی هەرە باڵای پاکی و شەفافییەت و کارگێڕییە.

لەسەر ئەو بنەمایە زۆرجار داوا لە کورد دەکرا کارتی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری خۆی ڕادەستی ناوەند بکات، بەتایبەتی لە بابەتی نەوت و داهاتی داراییدا.

بەڵام واقیعەکە زۆر لە دروشمەکان بەهێزتر بوو. ڕووداوەکانی ئەمڕۆ سەلماندیان کە گەندەڵی سنوورێکی جوگرافی نییە کە لە هەولێرەوە دەست پێبکات و لە بەغدا کۆتایی پێبێت، بەڵکوو قەیرانێکی بنەڕەتی (پێکهاتەی)یە لەناو خودی دەوڵەتی عێراقدا.

لێرەدا پێکناکۆی فەلسەفی سەرهەڵدەدات: چۆن بەغدا کە دەبوو شوێنی چاودێری و لێپرسینەوە بوایە لە لایەن پەرلەمانتارانی کوردستانەوە، بووە بە شوێنی بەرگریکردن و بیانووگرتن، لە کاتێکدا کە کوردستان هەمیشە وەک تاوانبار وێنا دەکرێت؟

ئەرکی پارلمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراقدا بەرگریکردن نیە لە هیچ حیزبێک یان حکوومەتێک لە هەرێم، چوونکە حکوومەت لێپرسینەوەی لێدەکرێت و ڕەخنەگرتنیش مافێکی دیموکراتیکە.

بەڵام لە نێوان ڕەخنەگرتن لە حکوومەت و لاوازکردنی خودی قەوارەی سیاسیدا، جیاوازییەکی گەورە هەیە. هەرێمی کوردستان حکومەت و حزبێکی کاتی نییە، بەڵکوو دەستکەوتێکی مێژوویی و نەتەوەیی و دەستوورییە، کە گەلی کوردستان باجی قورسیان لە خوێن و دەربەدەری و نکۆڵیلێکران لەپێناویدا داوە.

“ئەنتۆنیۆ گرامشی” دەڵێت: مەترسیدارترین جۆری هەژمۆنی ئەوەیە کە مرۆڤ بە چاوی کەسانی دیکە سەیری خۆی بکات. ئەمە گەورەترین کێشەی ئەزموونی کورد بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا.

بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەوەندە سەرقاڵی پیشاندانی هەڵەکانی هەولێر بوون، ئەوەندە سەرقاڵی چاودێریکردنی بەغدا نەبوون. وەک ئەوەی کە ئەوان ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووبن نەک پەرلەمانی عێراق. وەک ئەوەی کە ئەرکی مێژوویی ئەوان چاودێریکردنی حکومەتی فیدراڵی عێراق نەبێت بەڵکوو تۆمەتبارکردن و دژایەتیکردنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان بێت.

نەتەوە بچووکەکان، بەتایبەتی ئەوانەی وەک گەلی کورد نکۆڵییان لێکراوە، دابەشکراون و ستەمیان لێکراوە، پێویستیان بە ئۆپۆزسیۆنێکی ساویلکە نییە، بەڵکوو پێویستیان بە ئۆپۆزسیۆنێکی تێگەیشتووتر و بەویژدانتر هەیە.

ئۆپۆزسیۆنێک کە بزانێت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کوردستان ئەرکە، بەڵام لە هەمان کاتدا تێبگات کە گۆڕینی ململانێی حزبی بۆ ئامرازێک بۆ لاوازکردنی پێگەی دانوستانکاری هەرێم چاکسازییەکی سیاسی نییە، بەڵکوو هەڵەیەکی ستراتژیکە و باجێکی قورس دەخاتە سەر جیلی داهاتوو.

ڕووداوەکانی ئەمڕۆی عێراق، پێویستە بەر لە هەر کەسێکی دیکە، ببێتە کاتی پێداچوونەوەیەکی فیکری و ئەخلاقی بۆ پەرلەمانتاری کورد.

پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بەرگری لە عێراق ناکات لە دژی کوردستان و دژایەتی ئەزمونی گەلەکەی خۆی ناکات، بەڵکو پارێزەری مافەکانی نەتەوەکەیەتی لە ناو عێراقدا و بە نوێنەرایەتی دەنگدەرەکانییەوە چاودێری دەوڵەتی فیدراڵی عێراق دەکات و بەرگریی لەو هاوسەنگییە دەستووریە دەکات کەوا قەوارە و مافەکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزن.

ئەو پرسیارەی کە لە مێژوو و سیاسەتدا بە کراوەیی دەمێنێتەوە ئەمەیە: کاتێک بەغدا نوقمی قەیران و گەندەڵی خۆی بوو، بۆچی بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد زیاتر خەمی سەلماندنی هەڵەکانی کوردستانیان بوو، نەک دەستنیشانکردنی هەڵەکانی ئەو دەوڵەتەی کە ئەوان بۆ ئەوە دەنگیان پێدرابوو کە چاودێریی بکەن؟

Share