قامیشلۆ: خۆپیشاندانەکان دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەچنە هەفتەی دووەمەوە

خۆپیشاندەران: ئەم ڕێوشوێنە ئابوورییە زەختێکی گەورە دەخاتە سەر خێزانە کەم دەرامەتەکان و ژیانیان هێندەی دیکە سەختتر دەکات.
لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری دژی بڕیاری ئەم دواییەی گرانکردنی نرخی سووتەمەنی پێی ناوە هەفتەی دووەمەوە. ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی سنوورەکە ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم بڕیارەیان کرد، بۆ ئەوەی ژیانی ڕۆژانەیان لەوە زیاتر قورس و زەحمەت نەبێت.
بڕیاری نوێی گرانکردنی نرخی سووتەمەنی شەپۆلێکی گەورەی توڕەیی و ناڕەزایی جەماوەریی لەسەر شەقامەکانی قامیشلۆ دروستکردووە. هاوڵاتیانی بەشدار لە خۆپیشاندانەکان هۆشداری دەدەن کە لەژێر ئەم دۆخە سەخت و دژوارە ئابوورییەدا، هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی سووتەمەنی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و پێداویستی خۆراک و سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان.
خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم ڕێوشوێنە ئابوورییە زەختێکی گەورە دەخاتە سەر خێزانە کەم دەرامەتەکان و ژیانیان هێندەی دیکە سەختتر دەکات. بۆیە چالاکوانان و هاووڵاتیان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەریی خۆسەر دەکەن تا دەستبەجێ بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە و لەبری ئەوە چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە کە لەگەڵ بارودۆخی ژیانی خەڵکدا یەکبگرێتەوە.
هەرچەندە زیاتر لە هەفتەیەکە ناڕەزایەتییەکان لەسەر شەقامەکان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی فەرمی و هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە هەڵنەگیراوە. خەڵکی ناوچەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە چاوەڕێی وەڵامێکی ئەرێنی دەکەن و داوا دەکەن کە گوێ لە داواکارییە ڕەواکانیان بگیرێت بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی فریاگوزاری بگیرێتەبەر.