مستەفا ئۆزچەلیک: سیاسەتی ئۆجەلان و دەم پارتی، مافە نەتەوەییەکانی کورد لەبەرچاو ناگرن

مستەفا ئۆزچەلیک: سیاسەتی ئۆجەلان و دەم پارتی، مافە نەتەوەییەکانی کورد لەبەرچاو ناگرن

ئۆزچەلیک: “ئۆجەلان، پەکەکە و دەم پارتی، لەژێر ناوی ‘پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’دا خەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکەن”.

مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، لە چوارچێوەی چوارەمین کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی لە شاری وان، لێدوانێکی گرنگی دا و ڕایگەیاند کە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی و کوردستانی لە باکووری کوردستان ”ئەرکێکی بنەڕەتی و مێژووییە“. ئۆزچەلیک بە توندی ڕەخنەی لە هەڵوێستی بەرەی ئیمراڵی و دەم پارتی گرت و بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی “چاوپۆشیکردن لە مافەکانی گەلی کورد” تۆمەتباری کردن.

کۆنفرانسەکە کە لە لایەن پلاتفۆرمی هاوبەشی PÊLKURD، پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، بزووتنەوەی ژیانەوەی کوردستان (VEJÎN) و کەسایەتییە سەربەخۆکانەوە ڕێکخرابوو، بوو بە شوێنی گفتوگۆی قووڵ لەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکە. مستەفا ئۆزچەلیک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵەتی تورکیا لەژێر دروشمی “تورکیای بێ تیرۆر” لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی قۆرخکاریی سەدە ساڵەی خۆی بەردەوامە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، سەرەڕای ئەو هەموو تێچووە قورسەی گەلی کورد، کەچی سەرکردەکانی وەک ئۆجەلان، پەکەکە و دەم پارتی، لەژێر ناوی “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”دا خەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکەن”.

ئۆزچەلیک دەستنیشانی کرد کە چەمکەکانی وەک “کۆماری دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک، ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک و هاوڵاتیبوونی هاوبەش” کە لەلایەن پارتی دەمەوە داکۆکییان لێدەکرێت، هەبوونی گەلی کورد و مافە دەستەجەمعییەکانیان و مافی هەبوونی قەوارەی سیاسی یان مافی چارەی خۆنووسین بەتەواوی پشتگوێ دەخەن. سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان وەکوو وەڵامێک ڕایگەیاند، ئێمە وەک بەرەی یەکێتی نەتەوەیی، هەم سیاسەتی دەوڵەت و هەم ئەم سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنەی دەم پارتی ڕەتدەکەینەوە، چونکە ئەم هێڵە ناتوانێت ڕێگای چارەسەری پرسی کوردستان بێت.

بەگوێرەی لێدوانەکەی ئۆزچەلیک، هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی ڕاستەقینە دەبێ هەموو ئەو پارت و ئایین و مەزهەب و ئایدۆلۆژیا و بیرۆکانە لەخۆبگرێت کە داوای ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و سەربەخۆیی دەکەن. سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بانگەوازێکی تایبەتی ئاراستەی پۆتانسێلی نیشتمانپەروەریی ناو دەم پارتی کرد و وتی کە ئەم جەماوەرە ناچار نیە کە پابەندی ئەم سیاسەتە هەڵەیە بێت.

ئۆزچەلیک هەروەها ئاشکراشی کرد کە ئەوان وەکوو پلاتفۆرم لە هەوڵدان تا لە پاییزی ساڵی 2026دا بە تێکەڵبوونی هاکپار، پەدەکە باکوور و بەرەکانی دیکە، کۆنفرانسێکی گەورە و هاوبەش سازبکەن بۆ ئەوەی کە مزگێنیی مۆدێلێکی نوێی سینەرژی (ئەو سوودەی زیادەیەی کە بە هاوکاری یان تێکەڵکردنی چەند پێکهاتە بەدەست دێت) و هاوپەیمانیی نەتەوەیی بە گەلی کوردستان بدەن.

Share