کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی لە شاری وان بەڕێوەچوو: “نا بۆ سیاسەتی دەوڵەت و ئەنتەگراسیۆن”

کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی لە شاری وان بەڕێوەچوو: "نا بۆ سیاسەتی دەوڵەت و ئەنتەگراسیۆن"

سیاسەتی “کۆماری دیموکراتیک”ی هێڵی ئۆجەلان و پەکەکە و دەم پارتی، مافی ستاتۆی سیاسی و مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد پشتگوێ دەخات.

کۆمیسیۆنی هەوڵی کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی باکووری کوردستان، دوای چالاکییەکانی لە شارەکانی قۆسەر، ئیزمیر و ڕوحا، چوارەمین کۆنفرانسی بەرفراوانی خۆی لە شاری وان ئەنجامدا. لە کۆنفرانسەکەدا بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و باس لەوە کرا کە ئەوان بە تەواوی هەم سیاسەتی دەوڵەتی “یەکپارچە” و هەم سیاسەتی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک”ی بەرەکانی دیکە بە توندی ڕەتدەکەنەوە.

ئەم پلاتفۆرمە کە ڕۆژی شەممە 27/6/2026 ڕێکخرابوو، لە لایەن پێلکورد،  پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، تەڤگەری ژیانەوەی کوردستان (ڤەژین) و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سەربەخۆکان بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە لە هۆڵی کۆنفڕانسی یڵماز گونەی سەر بە نووسینگەی وان، بە بەشداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسەران و ڕۆشنبیرانی ناوچەکە بەڕێوەچوو.

لەسەرەتادا، دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، حوسامەدین ئاجار، سەرۆکی لقی وانی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، بە کوردی و تەیێب کزلییلدز، بەرپرسی ڕێکخستنی وانی پەسەکە بە تورکی، کورتە ئاخاوتنێکیان بۆ بەخێرهاتن کردن لە میوانەکان پێشکەش کرد.

لە پانێڵی سەرەکیدا، “بایرام بۆزیەل”، سەرۆکی گشتیی PSK، “عەلی ئالۆنجوو”، بە نوێنەرایەتی کەسایەتییە سەربەخۆکان، “کۆرۆغڵو کاراسلان”، بەڕێوەبەری PÊLKURD ، “مستەفا دڵسۆز” نوێنەری VEJİN و “مستەفا ئۆزچەلیک”، سەرۆکی PWK بە نۆرە وتارەکانیان پێشکەش کرد.

هەر پێنج ئاخاوتڤان سەرنجیان خستە سەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورک بە پشتبەستن بە چەمکی “یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا”، ماوەی سەد ساڵە کە مافە نەتەوەییەکانی کورد ڕەتدەکاتەوە. لە هەمان کاتدا ڕەخنەی توند لە هێڵی سیاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە و دەم پارتی گیرا؛ ڕاگەیەندرا کە سیاسەتی “کۆماری دیموکراتیک” مافی ستاتۆی سیاسی و مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد پشتگوێ دەخات و ئەم هێڵە ناتوانێت چارەسەری پرسی کوردستان بێت.

لە بەشی دووەمی کۆنفرانسەکەدا، نووسەر و توێژەر زیا ئەڤجی، سیاسەتمەدار ئیبراهیم گوچلو، ڕاوێژکاری ئابووری نەجیب ئولودیل، بەدرخان ئەپۆزدەمیر، عەبدولڕەحیم گوموشتەکین، دیار ئۆزباکیش بە نوێنەرایەتی دەستپێشخەری نیشتمانی، مەلا کەرەم سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی مەلایانی کورد، مەحمەت بایدار و لەیلا ئەنگین بیر ڕامنی خۆیان لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانی دەربڕی.

لە کۆتاییدا، سەدات دۆغان بەناوی دیوانەوە سوپاسی ئامادەبووانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم چالاکییە بەمەبەستی بنیاتنانی نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی و کوردستانی لەسەر بنەمای پرنسیپە پیرۆزەکان، لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان بەردەوام دەبێت.

Share