پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: دەبێ تورکیا بۆ لەسێدارەدانی شێخ سەعید داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکات

ئەنقەرە پاش تێپەڕبوونی سەد ساڵ هێشتا لە گڵکۆی ئەو شەهیدانە دەترسێت و شوێنی گڵکۆکەی ئەوان لە ڕای گشتی دەشارێتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) یادی ڕێبەری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد شێخ سەعید و 46 هەڤاڵەکەی لە 101ـەمین ساڵەی لەسێدارەدانیاندا بەرز ڕادەگرێت. PWK لە بەیاننامەکەیدا بە فەرمی داوای لە دەوڵەتی تورک کردووە کە شوێنی گڵکۆی ئەو ڕێبەرانەی کوردی ئاشکرا بکات و لەبە لەسێدارەدانیان داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، شێخ سەعید و 46 هەڤاڵەکەی لە 29ی حوزەیرانی 1925، لە گەڕەکی دەرێ چیای شاری ئامەد، لەلایەن دادگای کۆرسان و بە پێشێلکردنی سەرجەم یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و لەسێدارە دران. PWK سەرنجی خستۆتە سەر ئەوەی کە ئەنقەرە پاش تێپەڕبوونی سەد ساڵ هێشتاش فۆبیای مەزەلەکانی ئەوانی تێپەڕ نەکردووە و ئاگاهانە شوینی گڵکۆکەی ئەوان لە ڕای گشتی دەشارێتەوە.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەو دۆزە پیرۆزەی شێخ سەعید و هاوڕێکانی لە پێناویدا گیانیان بەخت کرد، ئەمڕۆکەش بە شەهادەتی سەدان هەزار کەسی دیکە و بە خەباتێکی نیشتمانپەروەرانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوامیی هەیە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، گیانی شەهیدان تەنیا بە بەدەستهێنانی قەوارەی سیاسی و نەتەوەیی و جوگرافیای پارچەکانی کوردستان شاد دەبیت و ئەمڕۆکە زیاتر لە 70 ملیۆن کورد لە جیهاندا چاوەڕوانی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانن.
لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا، PWK لەگەڵ شێخ سەعیددا، یادی ناوی پێشەنگەکانی وەک خالید بەگی جبری، یوسف زیا بەگ، عەلی ڕەزا بەگ، بەهائەددین بەگ، فایق بەگ، مەلا عەبدولڕەحمان شرناخی، دوکتور فوئاد و بە دەیان هەزار کورد کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی 1925 و ساڵانی دواتردا لەلایەن ئەرتەشی تورکەوە شەهید کران، بەرز ڕادەگرێت و بەڵێنی دڵسۆزی بۆ میراتی مێژوویی ئەوان نوێ دەکاتەوە.