لە عێراق ئۆپەراسیۆنی گەندەڵی بەردەوامە؛ 14 پەرلەمانتار دەستگیر کراون

لە عێراق ئۆپەراسیۆنی گەندەڵی بەردەوامە؛ 14 پەرلەمانتار دەستگیر کراون

“لە ئەنجامی هەڵمەتەکانی بەربەیاندا تا ئێستا زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلار و 124 ملیار دینار دەستی بەسەردا گیراوە”.

ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی لە “هەڵمەتی بەربەیان”دا لە سەرتاسەری عێراق دەستگیرکراون گەیشتووەتە 21 کەس، هەتا ئێستا لە ماڵی ئەو تاوانبارانەدا دەست بەسەر زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلار و 124 ملیار دیناردا گیراوە و هەروەها چەندین موڵک و ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

هەڵمەتی بەربەیان لە 8 پارێزگا

ئۆپەراسیۆنەکە لە بەرەبەیانی 28ی حوزەیرانی 2026 لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. هەڵمەتەکە لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و عەلی زیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 30/6/2026، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا 21 کەس دەستگیرکراون. لەنێو ئەوانەی دەستگیرکراون 13 پەرلەمانتاری ئێستا و پەرلەمانتارێکی پێشووی تێدایە. هاوکات دوو یاریدەدەری وەزیری نەوتی عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکەش هەن.

زۆربەی ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانە لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستگیرکراون. سێ پەرلەمانتار لە هەولێر دەستگیرکران. ئەوانی تریش لە شاری زیقار، بابل، سەلاحەددین، واست، نەینەوا و ئەنبار دەستگیرکراون.

بەپێی ئامارەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تا ئێستا زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلار و 124 ملیار دینار دەستی بەسەردا گیراوە. ئەوەی تا ئێستا بە فەرمی ئاشکرا کراوە، سامانی دوو بریکاری وەزیری نەوتی عێراقە.

عەدنان جومەیلی پێشتر بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بووە.

حکومەتی عێراق دەستی بەسەر بڕی 98 ملیار دینار و 11 ملیۆن دۆلار و 70 خانوو و 21 ئۆتۆمبێل و سێ کیلۆ زێڕی عەدنان جومەیلیدا گرتووە.

هەروەها حکومەت دەستی بەسەر موڵک و ماڵی عەلی مەعارج بەهادلی بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردنیشدا گرتووە.

بڕی 11 ملیۆن دۆلار و 4 ملیار دیناری عەلی مەعارج دەستی بەسەردا گیرا و هەروەها دەست بەسەر چەند خانوویەک و چەند کاتژمێرێکی گرانبەهادا گیراوە.

یەکێکی دیکە لەوانەی دەستگیرکراون، بوشرا قەیسییە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. بوشرا پارلمانتاری فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە و لە مەڵەکەیدا دەست بەسەر 13 ملیار دیناردا گیراوە.

بوشرا قەیسییە یەکێک لە نوێنەرانی پارێزگای سەلاحەددینە کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا 6 هەزار و 23 دەنگی بەدەستهێنابوو.

جگە لە بوشرا قەیسییە، دوو پەرلەمانتاری دیکە لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکران کە یەکێکیان هیند عەبباسی ئەندامی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە. هیند بەوە تۆمەتبارە کە لە سەکتەری پارزوونگەکاندا پرۆژەی وەرگرتووە.

هەروەها ئەشواق ئەلجبوری ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانی عەزم بە تۆمەتی وەرگرتنی 9 ملیار دینار لە عەدنان جومەیلی دەستگیرکراوە.

Share