وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە دیمەشق

بڕیارە لە میانی سەردانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سووریا بکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر بانگهێشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق.
وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، بڕیارە لە میانی سەردانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سووریا بکات، بۆ تاوتوێکردنی رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەرەوپێشبردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و بازرگانی، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بکات.
هەروەها لە گفتوگۆکاندا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و جیهان، رێگەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی و راوێژی نێوان بەغدا و دیمەشق بەرانبەر بە ئاڵنگارییە هاوبەشەکان تاوتوێ دەکرێن. ئەمە جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو هەوڵانەی ئامانج لێیان بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە، لەگەڵ بەرەوپێشبردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگیی دووقۆڵی بۆ هێنانەدیی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتی.
دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024، حکوومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ و بەهێز لەگەڵ سەرکردایەتییە نوێیەکەی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع.
لە ماوەی رابردوودا، چەندین شاندی ئەمنی و بازرگانیی عێراق سەردانی دیمەشقیان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بووژاندنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات.
عێراق بەردەوام جەختی لەسەر سەقامگیری و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووەتەوە، لەبەرئەوەی ئاسایشی سووریا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی عێراق هەیە.
ئەم سەردانەی فوئاد حوسێنیش کە جاری یەکەمە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەدایە بۆ نزیککردنەوەی زیاتری بەغدا و دیمەشق و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نوێیەکانی ناوچەکە.