ئەردۆغان: “ئێمە بۆ تورکیای بێ تیرۆر ئامادەین”

ئەردۆغان: "ئێمە بۆ تورکیای بێ تیرۆر ئامادەین"

ئەردۆغان: “ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە هێزی خۆی لە خەڵک وەرناگرێت و پشت بە پلانی هێزە دەرەکییەکان دەبەستێت، تەنها زیان بە وڵات دەگەیەنێت”.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی ڕایگەیاند، ئەوان و هاوپەیمانی جومهوور لەسەر پرسە نیشتمانییەکان، بەتایبەتی لە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” و سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشدا، بۆ دیالۆگ و ڕێککەوتن ئامادەن.

ئەردۆغان ئەم قسانەی لەچوارچیوەی “33هەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژ و هەڵسەنگاندنی ئاکپارتی” لە ساپانجا کرد و لەسەر پرسەکانی ڕۆژ لێدوانی گرینگی دا.

ئەردۆغان لە وتارەکەیدا جەختی لە یەکێتی کۆمەڵایەتی کردەوە و ڕایگەیاند کە هیچ هاووڵاتییەک لەسەر ئەم خاکە منداڵی زڕباب نییە.

ئەردۆغان وتی: “ئەم دەوڵەتە تەنیا سەر بە گرووپێک یان توێژێک یانیش نەژادێک نییە؛ ئەمە دەوڵەتی 86 ملیۆن هاووڵاتیی سەر ئەم خاکەیە. سیاسەت واتە تەوافوق و دیالۆگ و دانوستان، مەرج نییە و ئێمە ناچار نین کە لەسەر هەموو پرسێک وەکوو یەک بیر بکەینەوە، بەڵکوو دەبێت لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندییەکانی وڵات و میللەت ڕێکبکەوین”.

سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها سەرنجی خستە سەر ناکۆکییە ناوخۆیەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و ڕایگەیاند کە نایانهەوێت بەشێک لەم دۆخە بن. ئەردۆغان ڕایگەیاند کە ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە هێزی خۆی لە خەڵک وەرناگرێت و پشت بە پلانی زلهێزەکانی دەرەوە دەبەستێت، تەنها زیان بە وڵات دەگەیەنێت.

Share