نوعمان کورتولموش چوارچێوەی پرۆسەی نوێ دەخاتەڕوو: “لێبوردنی گشتی نییە”

نوعمان کورتولموش چوارچێوەی پرۆسەی نوێ دەخاتەڕوو: "لێبوردنی گشتی نییە"

کورتولموش: “پێشتر زیانە ئابوورییەکانی ئەم شەڕە بە 1.3 ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرا، بەڵام ئێستا 2 ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.”

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە هەنگاوەکانی کۆتایی پڕۆسەی “تورکیا بێ تیرۆر” لێدوانی گرنگی دا و ڕایگەیاند کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم قۆناغە بە ئەنجام دەگات. کورتوڵموش بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە لە بڕگە یاساییەکانی ئەم پرۆسەیەدا شتێک بە ناوی “لێبوردنی گشتی” بوونی نییە.

کورتوڵموش قۆناغی ئێستای بۆ میدیاکانی تورکیا تاوتوێ کرد و وتی: “پێموایە بەشێکی زۆری پرۆسەکە تەواو بووە، ئەو کارانەی کە ماونەتەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و پرۆسەکە بە تەواوی بە ئامانجەکەی خۆی دەگات”.

تێچووی ئابووری جەنگ: زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلار

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەرنجی خستە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر ئابووری وڵاتەکەی و زیانە داراییەکانی ئەو شەڕە هەتا ئێستا و ڕایگەیاند:

“پێشتر زیانە ئابوورییەکانی ئەم شەڕە بە 1.3 ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرا، بەڵام باوەڕم وایە ئێستا ئەم ژمارەیە دووقات زیادی کردووە و 2 ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.”

بانگەواز بۆ جەهەپە: “بەردەوام بە لە پشتیوانی”

نوعمان کورتولموش هەڵوێستی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەتایبەت پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی هەڵسەنگاند و گوتی: “ئامادەبوونیان لەو کۆمسیۆنە زۆر بەنرخە”. کورتوڵموش داوای لە جەهەپە کرد لەسەر هەڵوێستە بنیاتنەرەکەی و پشتگیری کردنی پرۆسەکە، بەردەوام بێت.

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەنگۆی لەسەر مامەڵەکردن ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: “هەر لەسەرەتاوە هیچ بەڵێنێک بە پەکەکە و لایەنەکانی دیکە نەدراوە، ئەو یاسایەی کە ئامادەدەکرێت تەنها دەستکاری تەکنیکی و یاسایی لەخۆدەگرێت و لێبوردنی گشتیی تێدا نییە”.

Share