شامیل تەیار: دەمیرتاش ڕەخنەی لە خۆی گرتووە و داوای بەشداریکردن لە حکوومەتدا دەکات

شامیل تەیار: دەمیرتاش ڕەخنەی لە خۆی گرتووە و داوای بەشداریکردن لە حکوومەتدا دەکات

تەیار: “دەمیرتاش هیوادارە بەم نزیکانە ئازاد بکرێت و ئامانجی مانەوە نییە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا، بەڵکوو دەیهەوێ ڕاستەوخۆ ببێتە بەشێک لە حکومەت”.

ڕۆژنامەنووس و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) شامیل تەیار، ئیدیعایەکی نوێ و گرنگ لە ڕووی سیاسییەوە سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە وروژاند کە ئێستا لە زیندانی ئەدیرنەدا زیندانی کراوە. تەیار بانگەشەی ئەوە دەکات کە کەسایەتییەکی ناسراو بەم دواییانە سەردانی دەمیرتاشی کردووە و لەو دیدارە درێژخایەنەدا دەمیرتاش ڕەخنەی قووڵی لە ڕێبازە سیاسییەکانی ڕابردووی خۆی دەربڕیوە.

بەگوێرەی بانگەشەی تەیار، سەلاحەدین دەمیرتاش لەم کۆبوونەوەیەدا دانی بە هەڵەکانی بەرەی پێشووی ئۆپۆزسیۆندا ناوە و وتویەتی: “ئێمە لە ڕابردوودا هەندێک هەڵەمان کرد و هەموو حیساباتەکانمان تەنها لەسەر بنەمای شکستدانی سەرۆککۆمار ئەردۆغان و نەمانی لە دەسەڵات دانابوو، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە، دەبووا لە هەندێک بابەتدا ئیمتیازمان دابایە؛ ڕەتکردنەوەی تەواو، هەڵەی ئێمە بوو. ئێستا پێویستە دامەزراوەیەکەی سیاسی نوێ دروست بکەین، لە حکوومەتدا بەشداری بکەین و پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین”.

شامیل تەیار، لە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو لێدوانانەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئاشکرایە دەمیرتاش هیوادارە بەم نزیکانە ئازاد بکرێت و ئامانجی ئێستای تەنیا مانەوە نییە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا، بەڵکوو دەیهەوێ ڕاستەوخۆ ببێتە بەشێک لە حکومەت. تەیار جەختی لەوە کردەوە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش پێی وایە لەگەڵ سیاسییە کەمالیستەکاندا بە ئاسانی دەتوانن بگەنە ڕێککەوتن و هەرچەندە ڕوون نییە کە ئایا ئەم دیزاینە نوێیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندی بە هاوپەیمانی جمهوورەوە بکات، بەڵام سەرکەوتنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی، هاوکاریی نوێی سیاسیی لێدەکەوێتەوە.

لە بەشی کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا، تەیار بە کورتی شیکاری بۆ دوایین دۆخی سیاسەتی تورکیا کرد و ڕایگەیاند کە لە کاتێکدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە نێو قەیرانە ناوخۆییەکانیدا بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات، لە لایەنی جوداوە سیاسەتی بنەڕەتی بۆ سەردەمی نوێ پەرەی پێدەدرێت و سەردەمێکی دینامیکی و نوێی سیاسی لە ناوچەکەدا دەست پێدەکات.

Share