بنەماڵەی شێخ حەنان، 14 ساڵەی کارەساتی عەفرین وەبیر دەهێننەوە و داوای دادپەروەری دەکەن

بنەماڵەی شێخ حەنان، 14 ساڵەی کارەساتی عەفرین وەبیر دەهێننەوە و داوای دادپەروەری دەکەن

14 ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی پەیەدە، شێخ حەنان شێخ حەسەن و دوو لە کوڕەکانی گیانیان لەدەستداوە.

بنەماڵەی شێخ حەنان شێخ حەسەن، کەسایەتیی ناسراوی عەفرین، لە 14هەمین ساڵەی ئەو کارەساتەی بەسەریاندا هات، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە. بنەماڵەی شێخ حەنان لە بەیاننامەکەدا داوایان کردووە کە بەرپرسانی ئەم ڕووداوە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، 14 ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، شێخ حەنان شێخ حەسەن و دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان و نوورەدین، گیانیان لەدەستداوە. ڕاگەیەندرا کە یەکێک لە کوڕەکانی لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهید بووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی ئەو بنەماڵەیە، ئەم ڕووداوانە لە چوارچێوەی شەپۆلێکی “تیرۆری سیاسی”دا ڕوویانداوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هێرشانە بە مەبەستی بەئامانجگرتنی کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە سەر بە ڕێبازی مستەفا بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریا (پەدەکە ـ سە) بوون، ئەنجامدران.

بنەماڵەی شێخ حەنان لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیاندا، سەرنجیان بۆ ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی ڕاکێشا و ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەو ماوەیەدا 11 ئەندامی ئەو بنەماڵەیە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو کە دەستێوەردان و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی ڕێگریی لە کارەساتێکی گەورەتر و فراوانبوونی کۆمەڵکوژییەکە کرد.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بنەماڵەی شێخ حەنان داوایان لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە یاساییەکان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد، ئەرکە یاساییەکانی خۆیان بەجێ بگەیەنن. ئەو بنەماڵەیە داوای لێکۆڵینەوەی ورد و دادپەروەرانەیان کرد بۆ ئەوەی تاوانباران و بەرپرسانی ئەم ڕووداوە لەبەردەم دادگا سزا بدرێن.

Share